ئاڵەکۆک

زێوەر add_a_photo
زێوەر دیوانی زێوەر
٢٦. قیمەتی باخی بەهەشتە غونچەیی خەندانی خۆم
قیمەتی باخی بەهەشتە غونچەیی خەندانی خۆم
حەسرەتی ئاوی حەیاتە قەترەیی گریانی خۆم
تۆبەیێکم کردووە وەک کێوی ئاسن مەحکەمە
تا لە دونیادا بمێنم عەشقی چاومەستانی خۆم
نیعمەتی دنیا سەراسەر با لەبۆ تۆ بێ ڕەقیب
بەسمە تەنها فیکری بیکر و جیلوەیی جانانی خۆم
دەشتی تەنهایی چ خۆشە بۆ منی پڕ غائیلە
چونکە تەنها غار ئەکەم هەم ئەسپ خۆم مەیدانی خۆم
تازە تەڵقینم ئەکەی لادەم لە عەشقی گوڵڕوخان
تووخوا لێم لادە واعیز دینی خۆم ئیمانی خۆم
من بە سەد ئیسویچرە و چین و خەتای ناگۆڕمەوە
ئەرخەوانی گردی سەیوان، ئاوی کانێسکانی خۆم
بۆچی بوختان کەم کە شەیتانە گوناهم پێ ئەکا
من چ شەیتانم نییە هەر نەفسمە شەیتانی خۆم
بۆیە زۆر پێم خۆشە پیریی و خەمیدەقامەتی
چونکە دەستم هەر دەگاتە گۆشەیی دامانی خۆم
سەیلی عیسیانم ئەگەر دیجلە و فوراتە قەترەیە
سەددەیی ڕێگەی نەجاتە پادشای گەیلانی خۆم

پەراوێز edit