ئاڵەکۆک

زێوەر add_a_photo
زێوەر دیوانی زێوەر
٢٧. لە گۆشەی حوزندا ماوم زەلیلی کونجی هیجرانم
لە گۆشەی حوزندا ماوم، زەلیلی کونجی هیجرانم
دڵی خۆم زۆر بە خۆم سووتا لە چاوی پڕ لە گریانم
ئەگەر حاڵم ئەپرسی -دوور لە چاوت- کوێرە بیناییم
بە ڕەنگی پەرچەمت ئەمڕۆ سییەه ڕۆژ و پەرێشانم
هەتا کەی مەستی خوابی غەفڵەتی ئەی بەخت، ئیمدادێ
لە تەئسیری منیش یەکبارە شێواون ڕەفیقانم
قوسوورم گەر هەیە قوربان وەرە ئەمجارە بمبەخشە
هەچی کردوومە، کردوومە، پەشیمانم، پەشیمانم
بە نیمەنازەکەت ڕووحم، بە نیمەخەندە دڵ حازر
خەیاڵی خام نەکەی هەرگیز ئەمن هەر عەبدی جارانم
بەمیسلی مووری بێچارە لەبەر پێی هەر کەسا کەوتووم
هەتا ڕەنجیدەخاتر بێ لە من شاهی سولێمانم
مەڵێزێوەر چییە، بێ جەوهەرە من تالیب بە ئەو نابم
لەبۆ قەتعی غەمی قەلبت وەکوو تیغی خوراسانم

پەراوێز edit