ئاڵەکۆک

زێوەر add_a_photo
زێوەر دیوانی زێوەر
٢٠. هەرگیز نەبووم بە خۆشیی ئەم کائیناتە مائیل
هەرگیز نەبووم بە خۆشیی ئەم کائیناتە مائیل
ئیللا لە گەردنی تۆ دەستم بکەم حەمائیل
دەریایی غەم شەپۆڵی یەلکانی جیسمی هەڵدا
تێکچوو وجوودی نابوود، کەوتۆتە گێژی هائیل
ساقی بە عەشقی پیرت چاوم لە دەستی تۆیە
دەستی کەرەم پەیاپەی مەگرە لە مەردی سائیل
ئەی عاریفی حەقیقەت، وەی سالیکی تەریقەت
پیری موغان پەنایە بۆ حەللی هەر مەسائیل
عەکسی جەماڵی جانان شەوقی لە هەر دڵێ دا
گەر کێوە زوڵمەتی غەم زوو بوو وجوودی زائیل
هەر ناڵەناڵی دڵمە وەک قومریێکی بێ باڵ
تاکەی ببێ بە وەسڵی ئەو سەر و قەددە نائیل
دیسان ڕەقیبی وەک سەگ ڕووی کردە ئاسکی ماڵی
کوا ساحیبی دیانەت مەنسووسە دەفعی سائیل
عومدەی مەرامی عاشق جەلبی دڵی نیگارە
وەک فەزڵەیە لەلای ئەو، سیم و زەڕ و فەزائیل
چۆن نامەیێ بنووسێ وەختی فیراقی جانان
زێوەر کەوا سوروشکی وەک سەددە، بۆتە حائیل

پەراوێز edit