لابدە پەردە، ئەی گوڵی ڕەعنا
دەرکەوێ با دوو نێرگسی شەهلا
یا دوو لەعلی عەقیقی بێ هەمتا
تا بە جان ئێمە بێینە سەر سەودا
کائیناتێ ئەخەیتە وەجد و تەرەب
بە تەماشایی ماهەکەی نەخشەب
وەه چ شیرینە شەهدی گوفتارت
هەی لە جیلوەی بەنازی ڕەفتارت
بەه لە غەمزەی دوو چاوی سەححارت
بارەکەڵڵا لە حوسن و ئەنوارت
سوپەرت بێ هەمیشە هیممەتی غەوس
حافیزی چاوی بەد، کەرامەتی غەوس
تۆی شەهەنشاهی حوسن و ساحێب تاج
حازرن شاهیدان بە جیزیە و باج
هەموو تەسلیمن و نیانە عیلاج
هەر بە تۆ لایقە عەتایی خەراج
مەجلیسی تۆیە بارەگاهی فەرەح
دوور لە ڕووی تۆیە خوابگاهی تەرەح
ئەی بتی شۆخ و نازک و گوستاخ
نەفەسێکم نییە بەبێ سەد ئاخ
بوومە مەجنوونی دەشت و سەر کەل و شاخ
چاوەڕێی لوتفم ئەی بە ڕوو گوڵەباخ
مەرحەمەت کە بە ناڵە و فەریاد
بە جەفا مەمکوژە وەکوو فەرهاد
چەندە خۆشە لە فیرقەتا کاغەز
وەرگری تۆ لە پۆستەدا کاغەز
وەک شیفایە لە هیجرەتا کاغەز
نیسفی وەسڵە لە میحنەتا کاغەز
خەبەری دڵبەری شکەرگوفتار
وەک تەداوی حەکیمە بۆ بیمار
سەیدی کردم بە داوی غەمزە و ناز
دڵبەری چیهرەئەسمەری چاوباز
دڵبەرانیش ئەخاتە بەحری نیاز
شاهبازێکە زۆر بڵندپەرواز
وەنیە هەر شێتی عەشقی من بم و بەس
سارییە دەردی عەشقی بۆ هەر کەس
شوعلەیی حوسنی دڵبەری مەهوەش
دڵی کردوە بە کوورەیی ئاتەش
کەسنەناس و بەدەعیە و سەرکەش
لە هەموو لوتف و مەرحەمەت بێبەش
لە کەفیدا دی جەوری، دوورە خەلاس
عادەتی کوشتنە بە غەیری قیساس
نییە هاوڕەنگی تۆ لەسەر ڕووی ئەرز
گەر بەسەریا بڕۆی بە توول و عەرز
چۆن نەبێ میهری تۆ لەسەرمان فەرز
بە زوبان دێم ئەکەم تەشەککیم عەرز
لە جەفای عاشقان بەسە ئیفرات
نۆبەتە بۆ وەفا و عەیش و نیشات
با نەڵێن خەڵکی عاقڵە و واعیز
عالمی چاکە عادڵە واعیز
چونکە لای ئێمە جاهیلە واعیز
گوفتوگۆ و وەعزی باتڵە واعیز
مەسلەکی عاشقانە وەجد و سەماع
بە هەزار وەعز ناکرێن ئیقناع
خۆشە فەسڵی بەهار و دیدەنی باغ
نەغمەیی بولبولان لە گوڵبەنی باغ
سەیری ئەشجاری بەرزی مەعدەنی باغ
سەیری ئارایشی مولەووەنی باغ
غایەتی بێ حەبیب ئەبێتە ئەسەف
شەوقی عومرت هەموو ئەچێ بەتەلەف
ماهی من زاهیرە لەناو ئافاق
دائیمەن بەدرە، ناکەوێتە میحاق
حوسنی ئەو عالەمێکی خستە مەراق
کەس نەماوە کە بۆی نەبێ موشتاق
شوهرەتی حوسنی گەییە عەرش و فەلەک
بوونە خەددامی، بارەگاهی فەلەک
ئەی مەهی ئاسمانی حوسن و جەماڵ
لە غەمی بەدری ڕووتە بوومە هیلال
ئەو کەسە بۆتە ساحیبی ئیقباڵ
کە نزیک بێتەوە لە بەزمی ویساڵ
هەر غەمی تۆیە بۆتە هاودەردم
زەربەیی عەشقە چیهرەی زەردم
هەر وەکوو ئەهلی بێ میزاجە زەمان
مەسلەکی سابتی نییە بۆ مان
دەردی دنیایە ناکرێ دەرمان
مەر لە دنیا ئەجەل بکا دەرمان
خەڵەفاوین لە ئافەتی، من و تۆ
بەشبڕاوین لە نیعمەتی، من و تۆ
دڵبەری شۆخ و شەنگی دیدەسیاه
گەه بە غەمزە گەهێ بە تیری نیگاه
عاشقانی بەبێ خەتا و گوناه
هەموو خستۆتە دەرد و ناڵە و ئاه
دوورە بۆ دڵبەران وەفاکاری
سەهوە بۆ نائومێدەگان زاری