ئارەق ڕووی داگرتی لەبەر پێکەنینت
شەبنم لە گوڵ باری ڕۆژی گرت پەروینت
توخودا زولفت لابە تا تێر کوڵمت ماچ کەم
ڕێی بولبول با نەگرێ لەو باغە پەرژینت
زولفت خەتاکار بوو چاوت برۆی داخست
با بچین ماچ کەین دەستی شای چین و ماچینت
چاوبازەی چاو مەستە، لەو بادەی ئەلەستە
دەستم بگرە هەستە، تۆ و دین و ئایینت
کەوتوومە نێو زولفت بۆ خۆت بگرە دەستم
کافر بووم بێ ئیمان، تا بێمە سەر دینت
شەو تا سەحەر وەک گوڵ دڵ پڕ لە خوێناوم
یا خودا شەماڵ بێنێ، بێنی عەرەقچینت
قوربانی ئەو ڕەنگەم دونیای ڕەنگاند ڕەنگ ڕەنگ
بەو ڕەنگە بێ ڕەنگەی ڕوخسارەی ڕەنگینت
زولفت ڕووی داپۆشی، ئەبرۆت عەرەقناکە
ڕۆژیان لێ کردمە شەو بەو ماه و پەروینت
ڕوحمت پێمدا نەهات شیرین خوداگیر بی
ڕۆحی بۆ تۆ دانا فەرهادی میسکینت
بۆچ هەر وەفایی بوو شێت بوو وە کێوان کەوت؟
سەد خوسرەو فەرهادە بۆ لێوی شیرینت