ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
٥٥. خۆشا ڕۆژێ لە عالەم دەربەدەر بم
خۆشا ڕۆژێ لە عالەم دەربەدەر بم
لە نێو ئەوزاعی دونیا بێخەبەر بم
لەبەر بێتاقەتی دێوانە ئاسا
لە غەوواسانی دەریا بێخەتەر بم
شەو و ڕۆژێ لە چۆڵی هەر بە ناڵە
حەریفی شەوڕەوی بادی سەحەر بم
نەزانێ هیچ کەس ناو و نیشانم
ئەگەر عاقڵ ئەگەر ئاشفتە سەر بم
لە هەرلا با بسووڕێنێ غوبارم
لە هەر جێگایێ پێویستە سوپەر بم
چرا بێ هەڵکرێ، جانا، لە نێو دڵ
لە ڕووناکیی دڵی یارم خەبەر بم
لەبەر چاوی تەڕم سۆرانی بڕزێ
گەهێ بێدایک و گاهێ بێپدەر بم
خودا خۆم چۆن بسووتێنم بە جارێ
لە دەرد و داخی ئەحواڵم بە دەر بم
شەوێ هەر تاکوو ڕۆژێ هەر بناڵم
بە گریان دەست و دامانی سەحەر بم
چ ڕێگەی چارە نابینم «وەفایی»
مەگەر سەر تا قەدەم غەرقی نەزەر بم

پەراوێز edit