فەڕەنگی میللەتێ، کافر دڵێ، ئەگریجە تەرسایێ
مەلایک سوورەتێ، ئاھوو خەرامێ، ماھ سیمایێ
پەری پەیکەر بوتێ، گوڵ پەرچەمێ، زنجیر گیسوویێ
شەکەر لەب، نازەنینێ، عیشوەسازێ، سەرو باڵایێ
نیگارێ، توندخوویێ، سەرکەشێ، عاشق کوشێ، شۆخێ
گوڵەندامێ، دڵئارامێ، سەمەنبەر، دیدە شەھلایێ
بە دوو زولفان ڕەسەن بازی، بە دوو ئەگریجە تەننازی
بە دوو چاوان سیحرسازی، بە دوو لێوان مەسیحایێ
کەمان ئەبرۆی پەیوەستێ، لە عیشوەی نێرگسی مەستێ
کە سەھمی خستە نێو شەستی نران ھەریەک لەسەر لایێ
ھەڵیدا دای لە جەرگم، خستمی قەسدی سەری کردم
شەھیدی "کەربەلا" من بووم، ئەسیری دەستی تەرسایێ
شکاندی سەددی ئیمان، پشتی دین دەستی تەوانایێ
حیجابی ئابڕوو، تۆبەی وەفایی سیدقی مەولایێ
دەخیل ئەی ھەم جەلیسان، ئەی ڕەفیقان، خزمە تا ماوم
بە ھەر نەوعێکی بۆ خۆتان دەزانن بۆم بکەن ڕایێ
ھەموو عومری عەزیزم سەرفی دەردی ئینتیزاری بوو
بەسەر وەختی وەفایی داخۆ دێ ئەم شۆخە یا نایێ