بەم ڕوخ و لەب مەیلی گوڵستان مەکە
هەتکی گوڵ و غونچەیی خەندان مەکە
جانی عەزیزم بەسەری زولفی خاو!
یووسفی دڵ چی دی لە زیندان مەکە
بمکوژە بۆ خۆ نە بە دوو چاوی مەست
قەتڵی منی خەستە بە مەستان مەکە
دڵ مەدە زولفت بە تەمای کوشتنم
یاریی کافر لە موسوڵمان مەکە
گوڵشەکەری زار و عیزاری دەوێ
تیفلی دڵم حەیفە لە گریان مەکە
حەیفە لەسەر خاڵی دەمی ئەی خزر
ئارەزوویی چەشمەیی حەیوان مەکە
تووتیی دڵ زاری قسەی زارتە
مەنعی لە قووتی شەکەرستان مەکە
حاڵی وەفایی، گوڵە باتێک نەچێ
سونبولی ژوولیدە پەرێشان مەکە