بە لێوی تۆ و بە چاوی تۆ کەوا هەر مەست و سەرمەستە
عەزیزم تا بەکەی ئەم خەستەیە هەر مەست و سەربەستە؟
لە قوببەی سینە سووتاوە دڵم بەو نارە پڕ نارە
برۆی پەیوەستی خستوومی منی وا خەستە پەیوەستە
بە ئاه و گریەیی من پێکەنی، وەک بەرق و باران بێ!
بەهاران پستە خەندان بێ بە ناز ئاهێستە ئاهێستە!
هەتا زنجیری زولفی تۆم هەبێ هەر شاد و ئازادم
سەرم هەر داوە بەو داوە، دڵم پابەستە بەو بەستە
بەڵێنم ڕاستە من گەردەن کەچم بێڕستی دەستی وی
قەلادە و ڕستە بۆ من پەرچەمی ئەو سەروە نەوڕەستە
قەد و قامەت قیامەت، قد قیامت تا بڵێن قامەت
بڕۆ ئەی تازە گوڵدەستە، دەمێکی هەستە ڕاوەستە
ببارێنە گوڵ و نافە بە خەندە داغی باغانە
سەری زولفت کە دەم بەستە لە دەم بەستە ئەمە بەستە
وەفایی مەجلیسێ گەرمە چ خۆشە بێی و ساقی بێ
وەکوو گوڵدەستە بتگێڕێ بە دڵ لەو دەستە بەو دەستە