شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: بە لێوی تۆ و بە چاوی تۆ کەوا هەر مەست و سەرمەستە بە لێوی تۆ و بە چاوی تۆ کەوا هەر مەست و سەرمەستە عەزیزم تا بەکەی ئەم خەستەیە هەر مەست و سەربەستە؟ لە قوببەی سینە سووتاوە دڵم بەو نارە پڕ نارە برۆی پەیوەستی خستوومی منی وا خەستە پەیوەستە بە ئاه و گریەیی من پێکەنی، وەک بەرق و باران بێ! بەهاران پستە خەندان بێ بە ناز ئاهێستە ئاهێستە! هەتا زنجیری زولفی تۆم هەبێ هەر شاد و ئازادم سەرم هەر داوە بەو داوە، دڵم پابەستە بەو بەستە بەڵێنم ڕاستە من گەردەن کەچم بێڕستی دەستی وی قەلادە و ڕستە بۆ من پەرچەمی ئەو سەروە نەوڕەستە قەد و قامەت قیامەت، قد قیامت تا بڵێن قامەت بڕۆ ئەی تازە گوڵدەستە، دەمێکی هەستە ڕاوەستە ببارێنە گوڵ و نافە بە خەندە داغی باغانە سەری زولفت کە دەم بەستە لە دەم بەستە ئەمە بەستە وەفایی مەجلیسێ گەرمە چ خۆشە بێی و ساقی بێ وەکوو گوڵدەستە بتگێڕێ بە دڵ لەو دەستە بەو دەستە ++++++++++++++++++++++