تایێکی ڕیشەیی دڵ بە نووکی غەمزەدا دا
دەستێکی بۆ سەما برد ڕووبەندی ماهی لادا
نافەی گوڵی بە دەرکەوت عەتری بە دەم سەبا دا
باریک و لووس و ناسک وەک زولفی خاوی بادا
وەک شاخی گوڵ بەلادا، شیرین تەشی دەڕێسێ
نووکی تەشی بە گەردوش چەرخێکی قوتبی پێوە
مەجەڕڕە بوو بە داوی کە چەرخی کەوتە نێوە
وەک زوهرە دەستی کێشا کە بەندی قەوسی زێوە
ئەستێرە ماهی داگرت سابت گەڕا بە پێوە
عەرەق بە ڕوو بەڕێوە، شیرین تەشی دەڕێسێ
لە بانی عارەقی ڕشت لە پێکەنینی زاری
بە خەندە غونچە گوڵ بوو گوڵاوی لێ دەباری
وتم: بفەرموو سەر دوو چاوی من بە یاری
بە چاوی من ببینن تەلیسمی سیحرکاری
کە سەروی جۆیباری، شیرین تەشی دەڕێسێ
کە دەستی برد و هێنا بە دڵبەری بە تادا
هێنایە چەرخ و گێڕای بە ڕانی سافیدا دا
عەیان بوو پەنجەیی ڕۆژ بە خەتتی ئیستیوادا
بە سوبحی سادق ئەنگووت زەنەب لەنێو سەمادا
حیرەت لە ماسیوادا، شیرین تەشی دەڕێسێ
کە هاتە چەرخ و بازی تەشی بە ڕانی لووسی
دەکەوتە پایبووسی دوو زولفی ئابنووسی
زەنەب لە مانگەشەودا دەهاتە چاپلووسی
لەسەر بەیازی گەردەن بە خەتتی خۆشی نووسی
مەهتابە پایبووسی، شیرین تەشی دەڕێسێ
یەخەی کراسی لاچوو پشکووت بە هەردوو لێوان
گوڵ و شەکەر دەباری لە کووچەباغی سێوان
زولفی پەخشان بوو کوڵمی وە دەردەکەوت لەنێوان
شەمس و قەمەر هەڵاتن دوێنێکە نوێژی شێوان
وەفایی کەوتە کێوان، شیرین تەشی دەڕێسێ
کە کەوتە چەرخ و گەردش تەشی بەدەستی ڕەنگین
هەودای لە لێو و دەم دا خورشیدی سینە نەسرین
سەمای بە زووزەنەب دا: کف الخضیبی شیرین
گرتی خەتی مەداران شەفەق بە عیقدی پەروین
سیحرێکە بۆ دڵ و دین، شیرین تەشی دەڕێسێ
دوو زولفی چین بە چین کرد، کە نافەیی خەتایە
دوو مەمکی خستە سەر لۆق هەناری دڵگوشایە
بە خەندەی چەرخێکی دا کە شەوق و نەشئە وایە
بە نوکتە پێی نیشان دام سەما لەسەر هەوایە
هەموو ئیشارە وایە، شیرین تەشی دەڕێسێ
بە عیشوە زولفی لادا لەسەر عیزار و زاری
دوگمەی کراسی ترازا، بزووت هەوای بەهاری
کە شەو بەیانی بەردا گوڵ و وەنەوشە باری
سەڵای بە عاشقان دا باغی گوڵ و هەناری
دونیا بە ئینتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ
کە زولفی کەوتە سەر ڕوو هەموو خەتای بە چین دا
خەرامی تاووسانەی بە سەروی نازەنین دا
سفیدەیی بەیانی بە باغی یاسەمین دا
فەنایی پڕ بەقا بوو دەمی لە پێکەنین دا
سەد ئافەتی لە دین دا، شیرین تەشی دەڕێسێ
سمی غەزاڵەیی چین لە نافەدا عەیانە
دەڵەی لە نیوەشەودا سفیدەیی بەیانە
قەدی گوڵ و دەمی گوڵ ئەمەی کە قووتی جانە
لە باغی یاسەمیندا شکۆفەیی گوڵانە
بەهاری بێ خەزانە، شیرین تەشی دەڕێسێ
شکۆفە وا هەڵستا لە زێڕ و زیو حوبابێ
لە کەوسەری بەهەشتێ دەروونی پڕ کرابێ
خڕ و لەتیف و نازک بلووری خودنوما بێ
بە تەرزی درزی دەرزی لە خۆوە درزی دابێ
دیارە سەروی وا بێ، شیرین تەشی دەڕێسێ
شەوێ لە پیرەخەودا جەماڵی ویم بە دڵ دی
دوو چاوی مەست و کاڵم وەکوو غەزاڵی سڵ دی
ئەگەرچی نەوبەهارم بە ڕەنگی باغی گوڵ دی
هەناری نەوڕەسیدەم شکاو و خاو و بڵ دی
گوڵم لە خاک و گڵ دی، شیرین تەشی دەڕێسێ
وتم: چبوو نەمامم! بە خاڵ و خەت نەماوی؟
وەکوو بەیاری سونبول بڵاو و تێکشکاوی؟
وتی: گڵاوی سەگ بوو شکۆفە گوڵ، گوڵاوی
بە کەرتەشی سماوە ستارەیی سەماوی
بەسەر چوو چاو و ڕاوی، شیرین تەشی دەڕێسێ
مەنعی مەکەن وەفایی کە خاوێ دڵ بڵاوە
سەرێکە مەستی نازی، دڵێکە بۆی نەماوە
بە داو و دڵ دڵی خۆی بە داوی زولفی داوە
دڵم حەقی بە دەستە فتوایی سەری داوە
کە ئەم غەزاڵە چاوە، شیرین تەشی دەڕێسێ
قوتووی لوئالییانە لە زیوی داڕژاوە
لەبالەبە لە حیکمەت لە شەهدی هەڵکراوە
لەبەر نەزاکەتی ڕۆژ ڕەواقی دادڕاوە
بە تەرزی درزی دەرزی لە خۆوە درزی داوە
بە مەی عەیان کراوە، شیرین تەشی دەڕێسێ
شیفای جەراحەتی دڵ تەشی نەبوو، کە ڕستی
شەشپەڕی کاکی خۆیە پڕاوپڕە بە دەستی
هەتیوێ کەللەشەق بوو بە داوی حیلە بەستی
لە ناوی هاتوچۆدا بە لێوی غونچە گەستی
بە ڕووح و دڵ بە قەستی، شیرین تەشی دەڕێسێ
بە دڵ بە دیدە سووژن لە غونچەگوڵ یەرەق بوو
شەشپەڕەکەی وەفایی کوڵوفت و تیژ و ڕەق بوو
لە هاتوچۆی سەماوی گوڵ هەم وەرەق وەرەق بوو
شەقایقێکە شەق بوو شەقایقێ کە شەق بوو
بەڵێ چ موستەحەق بوو، شیرین تەشی دەڕێسێ