ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٣٢. درێغا بای خەزان دایە بەهاری شۆخ و ڕەعناکەم
درێغا بای خەزان دایە بەهاری شۆخ و ڕەعناکەم
لە ئیزهاری عەمەل کەوت ئافتابی عالەم ئاراکەم
وەرەق ڕێزان، خەزان کەوتە ڕەزان، وەزعی چەمەن گۆڕا
بەسەرچوو فەسڵی گوڵگەشت و تەماشای باغ و سەحراکەم
خەزان هات و چەمەن چۆڵ بوو لە نەغمەی بولبول و قومری
درێغا! حەسرەتا! بۆ گوڵعیزارە سەروباڵاکەم
لە گریان ئاسمان دامانی سوور بوو شینی گێڕاوە
مەگەر گیراوە یا مایل بە شامە ڕۆژە ڕووناکەم؟
ئەدیمی بەختی من ڕەش بوو تەرازوو وا ترازاوە
دەبێ مەیلی بە تائیف کردبێ تەئسیری شەعراکەم؟
لە من دوور بۆتەوە خورشیدی ئەوجی مەعریفەت، شایەد
بە تیغی غەم سەری خۆم هەڵگرم هەمڕەنگی جەوزاکەم
لە من وەحشی بووە ئاهووخەرامی لالەڕوخسارم
مەکەن مەنعم کە هەروەک شێت و هاران ڕوو لە سەحراکەم
بە مەحروومی لەگەڵ بەختی سیادا ماوە فرمێسکم
لە تازیەی هیجرەتی خورشیدی عالەم واسورەییاکەم
وەفایی پێت بڵێم: دونیا و دینت بۆچی بەرهەم بوو
دەڵێن: ڕۆیی لەسەر دونیایێ قیبلەی دین و دونیاکەم
نیشات و عوشرەتی دونیا بە نەشئە و قووەتی چاوە
ئەمن چ بکەم لە دونیادا کە ڕۆیی نووری بیناکەم
کە تۆ ڕۆیی، لەبەر چاوم کورەی خاکی بە ئاوا چوو!
لە پاش تۆ، ئەی گوڵی نەوڕەستە، خاکی کوێ بەسەرداکەم؟
خۆشا بەو ڕۆژە عەکسی پڕتەوی حوسنت لە سینەم دا
ئەوێستاش مەست و مەخمووری تەجەللای تووری سیناکەم
خۆشا بەو وەقتە تۆ میرئاتی دولبەر بووی بە دڵدارم
ئەوێستاش مەحوی دیداری جەمالی ڕۆژە حیرباکەم
بە یادی پێکەنینی تۆ کە دەگریم و دەبارێنم
دەبێتە مەنبەعی شیر و شەکەر شۆراوی دەریاکەم
کە دەگریم بۆ جەمالی تۆ دیارە ئەشک و ئاهی من
لە خورشیدی دەداتن دەم، ستارەی شامی یەلداکەم
بە یادی تۆیە وا دەم دەم خورۆشی ئاه و ناڵەی دڵ
لە تاو گوڵشەن دەناڵێ عەندەلیبە شێت و شەیداکەم
فەلەک - خانە خەرابێ - بەزمی مەستانی وەها تێکدا
نەما داری لە سەر بەردی، بە دەردی سەر چ ئاواکەم؟
لە ژێر باڵی هوما جێی بازی شاهی قەسری شاهان بووم
درێغا! ئێستە وێرانەی، سیسار و جوغدە جێگاکەم
لە ناڵێن کەوتووم بۆ دەستی یاری موتریب و مەجلیس
وەکوو تاری گوسەستە تێک چووە بەند بەندی ئەعزاکەم
دڵم بێهۆش و خوێنبارە لە دووریی نێرگسی ساقی
سوراحی کەوتووە دەگری، دەڵێ: کوا بادە پەیماکەم؟
شکا پشت و دڵی من بۆ وەفاتی پیری مەیخانە
بە چەرخێکی فەلەک وای کرد نە جامم ما نە میناکەم
لەسەر حەوزی دەروونی، چی بەسەر هات هاتوچۆت قوربان؟
کوا دەم کەوسەر و خولد و خەرام و نەخلی تووباکەم؟
سەدای یاحەییی دەروێشان، نەوای یاهوویی دڵڕێشان
لە دەوری خانەقادا بوو بە جیسم و ئیسمی عەنقاکەم
هەتاکەی قەلبی من دەرهەم بێ ئەی ئیکسیری خاکی من؟
لە خاکی کوێ موقیمی پێم بڵێ؟ قوربانی ئەو خاکەم!
لە سەر خاکی دەرت، قوربان، هەتا من بم هەتا سەر بێ
ئەگەر تاجی سکەندەر بێ سەرم ناوێ لەسەر ناکەم
هەتا ڕۆژی ئەبەد، قوربان، لە سەر عەهدی قەدیمی تۆم
بەهەشتم لێ حەرام بێ گەر بەبێ ڕووی تۆی تەمەنناکەم
ئەمن شاییم بە تۆ بوو؛ چونکە شاهی غەم ڕەوێنم بووی
کە من شاییم لە دڵ ڕۆییوە، ئیدی دڵ بەکێ شاکەم
جەنازەم دی سەری ڕاگرت و فەرمووی: گوێم لە ناڵەت بێ
درێغا! جێبەجێ بوو، هاتەجێ تەعبیری ڕوئیاکەم
خودا بۆ خۆی دەزانێ مەنبەعی نووری خودایی بووی
درێغا! نەخلی ئەیمەن، مەزهەری نووری تەجەللاکەم
نەسیمی فەیزی تۆ دین و دڵی دووبارە ئیحیا کرد
درێغا! وەک مەسیحا باعیسی ئیحیایی مەوتاکەم
دەلیلی تالیبان بووی، بۆ خودا، وەک ڕۆژ هوەیدایە
درێغا! مورشیدی دەوران و خورشیدی هوەیداکەم
لە سایەی تۆ گەلێ کەس بوونە عاریف، ڕێی خودایان گرت
درێغا! عاریفی ڕێگەی خودا و ئەهلی تەقواکەم
موریدانی دەری تۆم دی بە چاوی خۆم، لە ئینس و جان
درێغا! بۆ ئیمامی ئینس و جان مەولایی ئەولاکەم
بەڵایێک هات و پێی گیرا، بە بایێک نووری کووژاوە
درێغا! شەمسی عیرفان و چرای تاریکە ڕێگاکەم
لە حەڵقەی تالیبان وا هەر دەبارێ نوور لە تەشریفت
درێغا! بۆ سەر و سەرحەڵقەیی ئەولادی تاهاکەم
ئەمن نادان و نەمزانی، ئەرێ بۆچ عاریف و عامی
وەکوو پەروانە سووتابوون لەبەر شەمعی شەب ئاراکەم؟
لەبەر چاوی نەزانان ساحیر و زەندیق و کافر بووی
درێغا! پیری بەستام، قوتبی خەرقان، غەوسی بەغداکەم
بە داوی دانە بۆ گیرا، بە دەریای عیلمی ئەسماوە
لەبەرچی هاتەخوار ئادەم لەسەر فیردەوسی ئەعلاکەم؟
پەنای بۆچ بردە بەر دار ئەو کە دەیزانی دەبێ شەق بێ؟
نە ئاخیر ساحیبی ئایات و موعجیز بوو زەکەریاکەم؟
لە سیڕڕی نووری چاوانی عەجەب بێنوور و حیکمەت بوو
بڵێ بۆچ پیری کەنعانی دەگریا، نووری عەیناکەم؟
سولەیمان خاتەمی ون بوو لە قودرەت ماوە نەیفەرموو
بەڵا سەخرەی بە ئاودادام بەڵا ئاسەف لە دەریاکەم
کەلیم ئێستا نەبووبوو چەند هەزار مەعسووم لەسەر وی چوو؟
دەبێ جوابی چ بێ ڕۆژی جەزا، گوستاخە مووساکەم
لەبەر قەومی مونافیق بوو دەبێ هەڵبێ کە دەیزانی
مەقامی خۆی وەکوو ڕۆژ ڕوونە روح اللهیی عیساکەم
سەحابەی بۆچ شکا؟ بۆچی شەهید بوو گەوهەری پاکی؟
موحەممەد: باعیسی بوون، شاهی تاج و تەختی لەولاکەم
شەهیدی دەستی کافر بوون کە ئەکسەر ئەولیایی دین
جەوابی موددەعی چ بدەم؟ سکووتی بێحەد ئینشاکەم
نە «ئاو» موختارە بڕوێنێ، نە «ئاور» تا بسووتێنێ
نە «خاک» چی پێیە بینوێنێ، ئەگەر سەدجاری بەر «با»کەم
عەدەم «باری» سەبەبکارە، وجودێکی حەقە دیارە
بۆ خۆی فەععال و موختارە، خوداوەندی تەواناکەم
بە مینهاجی خەلیلی حەق، بە میعراجی رسول الله
دەبێ هەر بێتەجێ ئەمر و ئیرادەی حەق تەعالاکەم
ئەتۆ چووی بۆ جیواری حەق ئەمن مام حەبس و زیندانی
غەمی بەندەت هەبێ ئەی سەیید و سەردار و مەولاکەم
بە سووڕەت گەرچی لێم دووری، بە مەعنا بەرقی مەستووری
بەڵێ بەرچاو و مەنزووری دەڵێی تۆی نووری بیناکەم
لە کوێ بتبینمەوە، شاد بم بە ڕووی تۆ، بێیە سەرچاوم؟
مەگەر چاوم لە دڵ بێ سینەکەم ئایینە سیماکەم
دەمت بێنە دڵم مەشکێنە دەستم بگرە ئەو جارەش
بە هۆشیاریم دەیێ ساقی، کە نەڕژێ جامی سەهباکەم
غەریب و بێکەس و ئاوارە کەوتووم، دوور لە ڕۆحی خۆم
بە دەردی بێدەوا ماوم، ڕەفیقان کوا مەسیحاکەم
خوداوەندا! ڕەحیما! قادرا! ئامورزگاری خۆم
کەریم و، حەییی و غەففار و، قەدیم و فەردە یەکتاکەم
بە حەققی نووری وەجهی پاک و بێمانەند و بێمیسلت
بە ئیسمی ئەعزەمی خۆت ئەی خودای سەتتار و داناکەم
بە سەرمەستانی بادەی ساغیری عەهدی ئەلەستت کەی
بە قەترێکی نەجاتم دەی لە دەست خۆم ڕوو لە دەریاکەم
وەفایی بێکەس و داماوە پابەندی تەلیسمێکە
مەدەد یا ڕۆحی غەوسی ئەعزەم و شاهی بوخاراکەم
بە حەققی نووری موتڵەق، جەددی ئەمجەد، شاهی لەولاتان
ئیمامی یەسریب و، قیبلەی مەلایک، ماهی بەتحاکەم
بە حەققی چار یار و ئال و ئەولادی نبی الله
بە ئەنسار و موهاجیر قائیدانی قیبلە گومڕاکەم
بە ڕۆحی خواجەگانی نەقشبەند و قیبلەگاهی خۆم
غەریب و جانسپاری کەعبە قوتبی دین و دونیاکەم
بە قووەی جازیبەی دڵتان وەفایی دەست و دامانە
چ نابێ گەر لە سایەی ئێوە قەتعی ماسوی الله کەم

پەراوێز edit