ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٣٠. جیلوەی سەبا لەنجەی شەماڵ، بۆی زولف و خاڵی یار دەدەن؟
جیلوەی سەبا لەنجەی شەماڵ، بۆی زولف و خاڵی یار دەدەن؟
یا نەوبەهار دێنێ بە بار، میشکی تەتار بۆی نەستەرەن؟
ڕەنگی وەنەوشەی دەشت و ڕاغ، عەکسی گوڵ و سەحرا و باغ
عالەمیان کردە شەوچراغ، وەک زولف و ڕووی دڵداری مەن
بە کەسک و سوور، باغ دەر و ژوور، پڕ بوو لە نوور، وەک کێوی توور
لەبەر زوهوور کەوتە حوزوور، نزیک و دوور دەشت و دەمەن
بورقەع بەسەر، ئەتڵەس لەبەر، گوڵ هاتەدەر، وەک بووکی تەڕ
کاکۆڵ بە دۆش، عەنبەر فرۆش، پێم گوت: ئەتۆش؟ دیم غەفلەتەن
گێسووبڵاو بە نازی چاو، هات لەنەکاو، بە قەسدی ڕاو
ڕۆژ بوو بە شەو، ژین بوو بە خەو، بڕۆ بڕۆ کەوتە زەمەن
جیلوێکی دا، هات لێکی دا، خۆش تێکی دا، ئارامی دڵ
جوغد و هوما هۆشی نەما، کەوتنە سەما، چوونە عدەن
زولفی وەشاند، ڕووی خۆی نواند، عەتری وەراند، پێمی نواند
کەسی نەهێشت، بانگی دەهێشت: بۆ کێیە وا وەجهی حەسەن؟
ئەو زولف و ڕووی مانگەشەوە، خۆش دەیگوت و دەیبیستەوە
وێم مەکەوە، دەتوێمەوە؛ ئاسک چاوم، ناسک بەدەن
ئەو دولبەری مووعەنبەری، ئەو مشتەری هەروەک پەری
خۆی پێم نواند، دڵمی ستاند، هۆشمی ڕفاند، بە مەکر و فەن
ئەو خاڵوخەت هێندوو فەڕەنگ، وەسڵ و هیجران شەهد و شەرەنگ
پڕشۆر و جەنگ، لێم هاتەدەنگ، غەمزەم خەدەنگ، زولفم ڕەسەن
چین چین لەسەر ڕووی وەک شەکەر، زولفی عەنبەر بەستیان چەمەر
تابووری چین، هاتن بە قین، خۆش داوەرین، باغی سەمەن
زولف و نووری، ڕووی بلووری، بخووری شەمعی کافووری
خاڵی سیای، چاوی شەهلای، نافەی خەتای، ئاهووی خوتەن
خەندەی دەمی، بۆی پەرچەمی، چاوی بازی، نازی کەمی
شەهد و شەکەر، میشک و عەنبەر، یەغمایی تین، تاراجی تەن
بە غەمزەکان، بە ڕەمزەکان، بە قەوسی ئەبرۆی چاوەکان
تیرو کەمانی تورکەمان، سەیدی دڵان بە جان دەکەن
نرخ و بەهای میشکین هەودای، نافەی هەر تای زولفی سیای
بازاڕی چین، موڵکی سەبا، خیتتەی خەتا، شاری دەکەن
لەعلی لەبی خۆش مەشرەبی، زولفی شەبی، گۆی غەبغەبی
قووتی ڕەوان، ئارامی جان، ئابی حەیاتی مەرد و زەن
ئەبرۆی کەمان، گێسووی کەمەند، زاری بە خەند، باڵابڵەند
هەم سایەبان، هەم سوورەجان، هەم نارەوان دوو نارەوەن
ڕەقس و سەمای زولفی دوتای، لەبەر هەوای باڵای بەڵای
هەروەک بولبول بە ڕۆح و دڵ، بۆ دارە گوڵ کەوتە شیوەن
یەغما دەکەن وەک تورکەمان، دەرمان دەکەن وەک تەبیبان
وەقتێ دەڕوا ئارامی جان، وەختێ کە دێ تەسکینی تەن
حەڵقەی گێسوو تاتا لاچوو، لەسەر سینە و عاریز و ڕوو
شەو چوو سەحەر، دیم هاتەدەر، شەمس و قەمەر، سەرو و سەمەن
لە هەناسەی ئەو دڵبەندەی، فرقە خەندەی ئەو دەم قەندەی
بە بای بەهار دەتگوت بە بار، گوڵ دێنەخوار بۆ نێو چەمەن
گێسوودراز، وەک تێلی ساز، بە چاوی باز، دەیگوت بە ناز:
چاوی پڕاو، جەرگی بڕاو، سینەی سووتاو پەیدا دەکەن
ئەتۆ چ ڕەنگی ئاوری؟ دەمێکی گوڵ دەمێک شەمی
هاوار لە یاری دەمدەمی! فەریاد لە دۆستی ڕیشەکەن!
ئەتۆ نە نوور نە ئادەمی! دەمێک دێوی دەمێک پەری
هاوار لە یاری سەرسەری! فەریاد لە دۆستی دڵشکەن!
ئەی شەوچرای زیندوودڵان! ئەی ڕەنگ و بۆی باغی گوڵان!
ناژیم تۆ خۆش، دەمرم، بەڵان، هێندەم بەسە تۆم بێیە کەن
جارێک وەرە بەر پەنجەرە، ڕۆحم بەرە یا دڵ بەرە
تۆ پادشای موشکل گوشا، من بێنەوا یا ذا المنن
دڵ پارەیە، ئاوارەیە، بێچارەیە، مەیخوارەیە
موتریب بڵێ: ساقی وەرە! جامێک بدەن، تارێک لێدەن
خاکی دەری مەیخانەتم، تەشنەی دوو سێ پەیمانەتم
جانانمی، پەروانەتم، تۆ شەوچراغی ئەنجومەن
أنت الذی بجمالک، بکمالک، بجلالک
کشف القدم، وصف العدم، نشف الوجود للوثن
بێ موحتەسیب وەختێ خۆشە، بێ گفتوگۆیی بێغەشە
لەو ساغیرە وا دڵکەشە، کامێ بە دڵ، جامێ بە مەن
تاری دەمادەم خۆشترە، جامی پەیاپەی بێهتەرە
کوا جامی جەم؟ کوا تاجی کەی؟ هەی مەی بدە، هەی نەی بزەن
ئاخر زەمانی هیجرەتە، دەور و دوکانی فیترەتە
وەقت و ئەییامی غیرەتە، تۆ دڵگوشا، من موحتەجەن
خۆزگەم بەوەی بە نەشئەی مەی، بە بانگی دەف، بە دەنگی نەی
دەگرێ هاموون، هەروەک مەجنوون، دڵ غەرقی خوون، ڕووت و ڕەبەن
خۆزگەم بەوەی سەوداسەرە، سەرتاپا زەخمی خەنجەرە
ئاو بێ ئاور، بێخەبەرە، فانی فی الله بێجێ و مەسکەن
گریە و خەندەی زۆر و کەم بێ، سۆزی سینەی دەمادەم بێ
شادیی شیوەن، خۆشیی غەم بێ، ساغ و کوێری سیڕڕ و عەلەن
جەرگی هەموو جێی نەشتەر بێ، خوێنی جەرگی کە بێ دەربێ
هەتا حەشرێ خوێنی هەر بێ، سەوداسەر و خوێنین کەفەن
سەیری ئافاق و ئەنفوسی، بەحسی لە سەفحەی دڵ نووسی
گا بەتحایی گا قوددووسی، ڕەهڕەو بێپێ، خۆش خوو بێتەن
فی ضیقة أشباحنا سارت یهوی أرواحنا
لا یفترق أجناحنا کالطیر یشوی للوطن
خۆزگەم بەوەی سەودایییە، سەرخۆشی شین و شایییە
پیر و شێخ و وەفایییە ساکن ساڵێک لەهەر وەتەن
یاصاح فانظر حالک من مالک مما لک
تقوی و إلا والک و أبی لک من العدن
أفتحسنوا بمفاعل و فاعل بالظلمات؟
أفتۆمنوا بخوارق و خالق الفلق الألسن
شێخێ کەوابێ ماسوی، مانعتوی لە ماغوی
ما ینطق عن الهوی، فاغتنم بالقلب الحزن
شێخێکی ئاشنایی بێ، خودایی بێ، وەفایی بێ
توجه فأینما بێتە سەما دار و دەوەن

پەراوێز edit