ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٣. لە داغی زولفی یار و عاریزی وەک لالە سووتاوم
لە داغی زولفی یار و عاریزی وەک لالە سووتاوم
بە ڕەنگی لالە بۆیێ داغدار و غەرقی خوێناوم
دوو چاوی مەستە بێبادە، مەلایک ڕوو، پەری‏زادە
پەری دێوانەیی کردووم، مەلایک دەستی لێداوم
لە سەودای خەتتی یاقووتی لەب و کاکۆڵی ڕێحانی
وەکوو زولفی شکستە تێکشکاو و خاو و شێواوم
لەبەر چاوت کە ڕەمزی نوکتەبازی مەکتەبی حوسنە
وەها مەستم لە ڕەنگی حەرفی مەعنا لەوحی شۆراوم
لە نێو سەیلی سوروشک و سۆزی دڵ حەیران و مەبهووتم
لە دووریی تۆ عەجەب ماوم! نە خنکاوم، نە سووتاوم!
عیزار و زولفی تۆ ـ بێشک ـ شەو و ڕۆژ پێکەوەن ئەمما
شەو و ڕۆژ پێکەوە؟ لەو وەجهە من حەیران و داماوم
تەلیسمی بابلە، سیحری حەڵاڵە ـ قەد ڕەها نابم ـ
وەفایی! یا بە داوی زولف و ڕەمزی چاوە گیراوم؟

پەراوێز edit