شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: لە داغی زولفی یار و عاریزی وەک لالە سووتاوم لە داغی زولفی یار و عاریزی وەک لالە سووتاوم بە ڕەنگی لالە بۆیێ داغدار و غەرقی خوێناوم دوو چاوی مەستە بێبادە، مەلایک ڕوو، پەری‏زادە پەری دێوانەیی کردووم، مەلایک دەستی لێداوم لە سەودای خەتتی یاقووتی لەب و کاکۆڵی ڕێحانی وەکوو زولفی شکستە تێکشکاو و خاو و شێواوم لەبەر چاوت کە ڕەمزی نوکتەبازی مەکتەبی حوسنە وەها مەستم لە ڕەنگی حەرفی مەعنا لەوحی شۆراوم لە نێو سەیلی سوروشک و سۆزی دڵ حەیران و مەبهووتم لە دووریی تۆ عەجەب ماوم! نە خنکاوم، نە سووتاوم! عیزار و زولفی تۆ ـ بێشک ـ شەو و ڕۆژ پێکەوەن ئەمما شەو و ڕۆژ پێکەوە؟ لەو وەجهە من حەیران و داماوم تەلیسمی بابلە، سیحری حەڵاڵە ـ قەد ڕەها نابم ـ وەفایی! یا بە داوی زولف و ڕەمزی چاوە گیراوم؟ ++++++++++++++++++++++