ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٤. ئەی لە سایەی سەری زولفت بە نیگا و خەت و ڕوو
ئەی لە سایەی سەری زولفت بە نیگا و خەت و ڕوو
بەستەیی داوە، چ تاووسە، چ شەهبازە، چ قوو
مەستی ئەو نێرگسە کاڵەم دەگریم بۆ لەبی تۆ
شیشە بۆ جامی شەرابم، کوڵی گریەم لە گەروو
مەمدە بەر حەڵقەیی ئەو زولفە لەسەر ماچی دەمت
لە تەنافم مەدە مەمکوژە لە سەر هیچ و نەبوو
تێک نەچوو قەت سەری زولفت لە هەناسەی دڵی من
دووکەڵی ئەو شەمە هەرگیز بە نەفەس واوە نەچوو
لە دوو زولف و سەری کوڵمانی عەجەب ماوم ئەمن!
ڕاستە ئەو نوورە بەڵام نوور نییە دوو سایە لە ڕوو
وەرە بەو نێرگسە ساقی بە فیدای گەردشتم
نەفەسێ بێنەوە گەردش بە وەفای جام و سەبوو
عاریز و زولفی بە خەندە بە وەفایی دەفرۆت
گوڵ بە تا، نافە بە خەرمەن، دوڕڕ و شەکەر بە قوتوو

پەراوێز edit