ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١١٩. نەسیمی بادی نەورۆزی شەمیمی عەبهەری هێنا
نەسیمی بادی نەورۆزی شەمیمی عەبهەری هێنا
بەریدی عاشقان دیسان پەیامی دڵبەری هێنا
نەوید، ئەی عاشقانی دڵفگار! یار هاتە سەر خەندە
سەڵا، ئەی بولبولان! دیسان درەختی گوڵ بەری هێنا
مەگەر ڕێی کەوتە زولف و ڕووی حەبیبم بادی نەورۆزی؟
حەیاتێکی بە دنیا دا و بۆی گوڵعەنبەری هێنا
بە فەتحی دڵ دەڵێی یار زولف و سینە و ڕووی وەدەرناوە
لە نەسرین و گوڵ و سونبوڵ بەهار هات لەشکەری هێنا
دەڵێی چاوی منە هەوری بەهاری دەم بە دەم دەگری
دەڵێی ئاهی منە بەرقی درەخشان ئاوری هێنا
هەوا چوو پڕ بە دامانی دەر و دەشتان، گوڵی کێشا
سەبا هات پڕ بە جەیبی کۆهساران، عەنبەری هێنا
لە نێو بەزمی وەنەوشە و جۆکەناران، لالە پەیدا بوو
بە تاریکی خزر بۆ چەشمە شای ئەسکەندەری هێنا
کە ئیسلامی بەهار فتوای جیهادی کافری دەی دا
سنەوبەر نێزە، گوڵبون گورز و سۆسەن خەنجەری هێنا
نیسارئەفشان بە پایەندازی سوڵتانی بەهار هاتن
سەمەن دیبا، شەقایق ئەتڵەس و گوڵ مەخمەری هێنا
لە شایی دارە، گوڵ مەسنەدنشین بوو هاتە پشکووتن
چەمەن تەختی زوموڕڕود، گوڵ لە یاقووت ئەفسەری هێنا
لە بەزمی نێرگس و نەسرین بە دەفعی چاوەزاری گوڵ
وەنەوشە دەستە دەستە عوود و، لالە مەجمەری هێنا
لە مەیخانەی چەمەن بەزم و تەرەبیان گرت قەدەحنۆشان
شەقایق بادە، زەنبەق شیشە، نێرگس ساغەری هێنا
لە چەهچەی ساز و نەغمەی عەندەلیبان سووت هەموو دونیا
سەدایی تارزەن، ئاوازی خۆشخوان، ئاوری هێنا
حیکایاتی غەریبی پێیە بولبول جوملە خۆکردی
دەڵێی چاپاری ئێران ڕۆژنامەی ئەختەری هێنا
بە شەوقی ڕوویی لالە و گوڵ لە باغان وا چراغانە
دەڵێی باغی جینان ئەمساڵ بەری حۆر و پەری هێنا
لە گوڵشەندا ڕەیاحین مەست و شادابی هەوای خۆشن
دەڵێی ڕیزوانە بۆ ئەهلی بەهەشتی کەوسەری هێنا
شکۆفە و گوڵ بە خەندە و عیشوە ئارامی دەروونیان دا
بەهار بۆ خەستەکانی خۆی چ شیر و شەککەری هێنا؟
بە زەرد و سوورەوە خەمڵیوە بۆ دامادی بولبول هات
وەرەق میعجەر، ئەرز گوڵگوونە، شەونم زێوەری هێنا
هەموو کەس چاوەڕوونی لێک ‏دەکەن وەک سورمەیان دیبێ
مەگەر بادی سەبا خاکی گوزاری دڵبەری هێنا
چ دڵبەر؟ ئافتابی ماهڕوویان و شەکەرلێوان!
بە خەندێکی لە سەحرا گوڵ لە دەریا گەوهەری هێنا
بە بێ شاباشی سەر، بە قسەی وەفایی گوڵچرا نابێ
کە بولبول هەر زمانی هەن، وە پەروانەش سەری هێنا

پەراوێز edit