ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١١٨. سەحەر مەستانە ڕابوردم بە بەر دەرکی کلیسایێ
سەحەر مەستانە ڕابوردم بە بەر دەرکی کلیسایێ
کەچی دەستی دڵی گرتم خەرامان بەچچە تەرسایێ
ئیرەم بوو عەنبەری زولفی، ئەسیری چەنبەری زولفی
کەراماتی سەری زولفی بە هەر تایێ مەسیحایێ
بە دوو زولفی موژەی هەستان، لەسەر موڵکی دڵم وەستان
نیزامی چین و تورکستان ڕژان بەربوونە یەغمایێ
نیگاری دڵستانی من، خوماری دا بە جانی من
تەبیبی حاڵزانی من، نەخۆش بوو، شەربەتی دایێ
ئیشارێکی بە چاوان کرد، برۆی هەمباشی تورکان کرد
دڵمیان تیرەباران کرد کەمانداران لە هەرلایێ
سەبا زولفی پەرێشان کرد بە ڕوخساری عەرەقناکی
چە شیرینە لەگەڵ یەکدی مەه و پەروین کە شەو دایێ!
پەرێشان زولفی زونناری، درەخشان ڕوویی گوڵناری
لە زاری گوڵ شەکەر باری، کە ئەی مەجنوونی لەیلایێ!
وەرە بڕوانە مەیخانە، چ مەعموورە چ وێرانە!
لە هەرلایێ دڵئارایێ، لە هەر گۆشێکی شەیدایێ!
کە دەستم داوەری دڵ بوو، نە دڵ بوو گوڵشەنی گوڵ بوو
هەموو نەسرین و سونبول بوو، قەرەنفول نەخلی تووبایێ
لە جێگایی تەجەللا دەم بە دەم بێ لن ترانی بێ
بە قوربانی دڵی عاشق هەزار وەک تووری سینایێ
سروشکم هاتە خوارێ، دوور لە چاو و گەردنی ساقی
بەسەر حەوز و فوارەی عاشقان ئاخ جام و مینایێ
جەماڵی موتریبم کەوتۆتە یاد کوا نەغمەکەی تاری
هەوای خورشید ئەوا سووتاندمی، ئاخ بۆ کزەی بایێ!
موغەننی کوانێ ئاهەنگی حیجاز و بەربەت و چەنگی؟
سێتای موتریب سەدای بۆ کەوت؟ لەبەرچی دەنگی نەی نایێ؟
بە لەهجەی دەنگ و ئاوازت، بە شوعلەی زەخمەکەی سازت
مەداری ئاو و ئاور بووم، ئەمان موتریب مودارایێ
بە شەوقی ئاتەشی ڕووی تۆ، بە بادەی چاوی جادووی تۆ
سەراپا بوومە کۆی ئاور، ئەمان ساقی سەراپایێ
لەبەر تاوی جەماڵی عالەمی مومکین بوو ئارامم
دەسووتام ئەز ئەگەر سایەی سەری زولفی نەبوویایێ
بە گریانی دڵی من هاتە ڕەحم و پێکەنی فەرمووی
مەحاڵ بوو خەندەیی ساغر ئەگەر مینا نەگریایێ
ئەمان شۆخی خەراباتی! کە بۆ دین و دڵ ئافاتی
بفەرموو بۆچ کەتۆ هاتی لە من دەنگ و سەدا نایێ!
بە ئاب و تابی ڕوخسارت وەفایی وا مەسووتێنە
خودا ڕا! ئەی چراغی دیدە! بۆ پەروانە پەروایێ
وەفایی ماوە دەست بەردان، لە دەوری نوقتە سەرگەردان
ئەمان یا قوتبی ڕەببانی، مەدەد یا شای بوخارایێ!

پەراوێز edit