ئەو دڵبەرە وا بادە بە چاوان دەفرۆشێ
هەردەم بە تەبەسسوم لەبی خەندان دەفرۆشێ
بۆ شەهد و شەکەر حوققەیی مەرجان دەفرۆشێ
ئەو غەمزە کە چاوی بە شەهیدان دەفرۆشێ
چی زاهیدە ئەو زوو دڵ و ئیمان دەفرۆشێ
یاقووتی لەبی لەعلی کە وا قووتی ڕەوانە
ڕوو باغی گوڵ و دەم گوڵ و قەد سەروی ڕەوانە
موژگانی کەچی قاتیلی سەد قافڵە جانە
تا پێنەکەنی زولفی نەدا بەردەمی شانە
نەمزانی کە گوڵ شەککەر و ڕەیحان دەفرۆشێ
قەترەی عەرەقی نافە لەسەر لەعلی درەخشان
یا میشکە لە گۆشەی وەرەقی گوڵ بووە ئەفشان؟
داغی دڵە یاخۆ، بە سەری زولفە پەرێشان
خاڵی دەمی تۆ زەنگییە کەوتۆتە بەدەخشان؟
یاخۆ خزرە چەشمەیی حەیوان دەفرۆشێ
تاتا کە بە داو زولفی وەکوو سونبولی بادا
گوڵدەستەیی شەوبۆ بوو بە بەرگی گوڵیدا دا
شەوبۆیی گوڵ و نافە لە دەم بادی سەبادا
شێخم بە هەوای زولف و دڵ و دینی بە با دا
وەجهی چییە بەو کوفرە کە ئیمان دەفرۆشێ
گەر تالیبی ماچێکی ئەتۆ لەو دەمە قەندەی
بەو زولفە دەبێ هەر وەکوو من خۆت لە ڕەسەن دەی
شاهەنشاهی میسر و حەبەشە کێ بووە بەندەی
چاوێکی بە گریانی دەوێ تالیبی خەندەی
مەعلوومە کە گوڵ خەندە بە باران دەفرۆشێ
جیلوەی مەیی ئەو ساغیرە نەشئێکی نەدامێ
ساقی وەرە لەو لێوە، بە چاوت، بدە جامێ
کوشتەم بە خەت و خاڵ و ڕوخی تازە نەمامێ
من تالیبم ئەی بادی سەبا بێنە پەیامێ
لەو لێوە کە ماچی بە دڵ و جان دەفرۆشێ
تا دوێنێ ئەمن وەسڵی ڕوخ و زولف و دەمم بوو
باغی ئیرەم و عومری خزر، جامی جەمم بوو
ئەمڕۆکە جوداییم لە غەزاڵەی حەرەمم بوو
بەو سەعیە لەسەر قیبلە سەفا عەینی غەمم بوو
چاوم بە دوو جێ زەمزەمی گریان دەفرۆشێ
مەهڕوو بە خەتا نافەیی چین میشکی خەتایی
دیم هاتە سەفی گوڵ بە هەوای عەترنومایی
تەفزیلی گوڵم دا هەموو یەعنی بە ڕیایی
بۆ ماچی دەمی شاهیدی دڵبەر بوو وەفایی
شێخم کە بە هیچ و نەبوو ئیمان دەفرۆشێ