ئەرێ ئەی بە زولف و ڕوخسار سەنەمی چین ماهی تابم
دەمەکە و خەندەکە و نیگاهت نمەک و مەزەی شەرابم
من لەبەر نیگاهت بمرم، تۆ سەری غەمزەکەی جەلابم
بڵێ پێم گوڵەکەی بەهاری لە تۆ تا بە کەی جودا بم؟
وەرەوە، بە شەرتی جاران، ڕۆژی سەد جارت فیدا بم
لە وێرانەی دڵی شێواوم شیوەن و واوەیلایە و ڕۆڕۆ
ئاورێک بەربۆتە هەناوم دێتە دەر لە هەناسەم بۆ سۆ
بوومە ئەفسانەی وڵاتان: شار بە شار، ماڵ بە ماڵ، کۆ بە کۆ
خاڵی چاوت، گۆشەی ئەبرۆ، دوو دینیان کردم لەسەر تۆ
یا بمکە پیری مەیخانە، یا موریدی خانەقا بم
تۆ مەلەک و فریشتە و پەری، گوڵدەم و گوڵبەر و دڵبەری
لالەڕەنگ و فەڕەنگی چینی، شۆخ و شەنگی، خەتا و بەڕبەڕی
نازک و نازەنین و شیرین، ئاوێنەڕۆژ، ڕەنگ ئاگری
لەنێو مەنزەرەی دوودەری خۆشە سەیری مەوجی بەحری
وەرە سەر چاوم عەزیزم، چی دەکەی لە دڵەی کەبابم؟
ئەو شۆخە بە تای زولفانی زنجیری کردم دێوانە
ڕووحمە، ڕووحی کێشاوم! ڕووح نییە لە ڕووح بێگانە
ئاشکار و دیار و مەخفی، دوور نییە، نەزدیکە جیرانە
غەرەزم چونکە پەنهانە وەڕەزم لەو جیسم و جانە
مەرەزم مەرگی دەرمانە، هەر ئەزم بۆ خۆم حیجابم
عاشق وا دەبێ، بە هەموو دەم چاو پڕ ئاو، دڵ بڕاو و مەحزوون
پێی هەوای بشکێ، پێی نەمێنێ غەیری هوو لە دەروون و بیروون
خاکی ڕێی دڵبەری وە بزانێ سورمەیە بۆ چاوی پڕخوون
سەگەکەی ڕێبازی لەیلێ وەرە سەر دوو چاوی مەجنوون
دونیام ئەو ڕۆژە لێ ڕوونە خاکی بەرپێی ئاشنا بم
ڕووحەکەم ڕووی خۆت بنوێنە، تا بە کەی کوشتەی نازت بم؟
دەمەکەت بە تەکەللوم بێنە، تا نەمردووم هەمڕازت بم
جارێک بە کەرەم بمدوێنە من فدای دەنگ و ئاوازت بم
مەیلی ئەبرۆی تۆ قەد نانێم غەمزەدەی چاوەکەی بازت بم
من کە هات و قیبلەم گۆڕی، یا خوا کافر بێ جەلابم!
بەزەییت ئەر هەبێ یا نەبێ بەندەی باڵاتم، سەد شا بم
تۆ خودا دڵم مەشکێنە من کە وا عاشقێکی چا بم
سەرەکەم فیدات عەزیزم وەرە زیز مەبە لە سەر دڵ
سەرە پایەبەندی تۆیە، دڵە ماڵی خۆت هەتا بم
بە کەمەندی تۆوە بمرم خۆشترە نەوەک ڕەها بم
کوتم ئەی شای دڵنەوازان مانگ و ڕۆژن موشتەریی ڕووت
دڵی چاکی پاکی بازان پێ بە داوی زولفی جادووت
لە غەمی ویساڵی ڕووی تۆ جگەر و هەناوی من سووت
خۆش بوو ئەو دەمەی گوڵ پشکووت شەکەر دەباری لە یاقووت
لادە لێم وەفایی دەیکوت: تۆ گەدا من شا بۆت نابم