ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٢٠. یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک ڕووم نییە بێمە حوزوور
یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک ڕووم نییە بێمە حوزوور
وەک دزان گەردەنکەچ و شەرمەندە وێستاوم لە دوور
گەرچی سەرمایەم نییە خۆ موستەحەققی ڕەحمەتە
ڕەنگی زەرد و ڕوویی ڕەش، موویی سپی و فرمێسکی سوور
وەک لە گۆشەی بێشەدا مەل بێتە تووشی دام و داو
تووشی نەفس و تووشی شەیتان بووم غەریب و بێ شوعوور
موستەحەققی ڕەحمەتم، ئەی مەستی حەق! ئەی دەستی حەق!
دەستی من بگرە لە نار و بمخە نێو دەریایی نوور
ڕۆح لەسەر لێوم نەفەسگیرە، لە نێو خەوف و ڕەجا
چاوەڕێی فەرمانی تۆیە: چێتە دەر، یا بێتە ژوور
تابی گێسووت وەقتی خەندە تابشی ڕووت بوو، وتم:
نەردەبانی عەرشە پایەی لامەکان مایەی حوزوور
تا خەس و خاشاکی بەر دەرگاهی تۆم بۆ دەست بدا
چیم لە گوڵزاری بەهەشت و لەززەتی حوور و قوسوور
یادی ڕووی تۆم کرد و ئارامی نەهێشتم نووری حەق
ئاوری تێ بەردام شوعاعی ڕۆژ بە تەقریبی بلوور
دەنگی بێ ڕەنگی سەدای هات ڕەنگ و دەنگم پێ نەما
باغی ڕۆح‏ەفزا دەپشکووتن لە پووشی وشک و زوور
ڕووی وەدەرنا، مووی پەرێشان کرد دڵی پێدامەوە
یەعنی: هەر ئەمنم شەفیعی عاسییان ڕۆژی نوشوور
تاقی ئەبرۆم دی، عەیان بوو سوجدەگای مولک و مەلەک
تابشی ڕووم دی، وەدەرکەوت بارەگای نووری سودوور
ئەی شەهەنشاهی سەریری عەرش و ڕۆحانی غولام!
چل‏چرای عالەم‏فەراز و شانشینت ماه و هوور
شانشینت عەرشی ئەعزەم، جیلوەگاهت فەرشی خاک
مەزهەری وەعد و وەعیدت، سەوتی ڕیزوان نەفخی سوور
ئەی گوڵی گوڵزاری وەحدەت، سەروی باغی ئیستیفا
عاریزت وەقتی بەیانان، قامەتت وەقتی زوهوور
ئەی جەماڵت باوەشێنی شاهباڵی جوبرەئیل
جایڕووبی خاکی ڕێت کاکۆڵی غیلمان زولفی حوور
بەندەگانی عاشقی ڕووتن ستارەی میهر و ماه
زەڕخڕیدەی خاکی پێتن عەنبەر و میسک و بخوور
خۆش‏نویسی موسحەفی ڕووت بۆ ڕەواجی حوسنی تۆ
خۆش خەتی کێشا بەسەر ئایاتی تەوڕات و زەبوور
گەر تەجەللای حەق مورادی جیلوەیی ڕووی تۆ نەبوو
چاوی «مووسا» کەی دەبوو ڕوون بێ بە سورمەی کێوی توور
تۆ و خەمی گیسووت کە تەشریحە لە سیڕڕی ڕۆژ و شەو
تۆ و خوتووتی ڕووت کە تەفسیرە لەسەر ئایاتی «نوور»
تۆ بی ‏و زاتی خودا ـ قوربان ـ وە هاوارم وەرە
ئەو دەمەی بێکەس دەمێنم دەبمە لوقمەی مار و موور
دەم بە خەندە یەک دەم ئەی کەششافی سیڕڕی لامەکان
کافییە جارێک بفەرمووی بۆ وەفایی یا غەفوور

پەراوێز edit