ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٠١. پێم بڵێ گوڵی بەهاریم لە تۆ تا بە کەی جودا بم
پێم بڵێ گوڵی بەهاریم لە تۆ تا بە کەی جودا بم؟
وەرەوە، بە شەرتی جاران، ڕۆژی سەد جارت فیدا بم
خاڵی چاو و گۆشەی ئەبرۆ، دوو دینیان کردم لەسەر تۆ
یا بمکە پیری مەیخانە، یا موریدی خانەقا بم
سەرەکەم فیدات عەزیزم، وەرە زیز مەبە لەسەر دڵ
سەرە پایەبەندی تۆیە، دڵە ماڵی خۆتە تا بم
شەو بە تای زولفت شێواندم، ڕۆژ لە تاوا دەتسووتاندم
چ خودا لە تۆ هەڵدەگرێ بە شەو و بە ڕۆژ عەزابم؟
نەفەسێ مۆڵەتێ بدە عومرم، بدبینم زولفەکەت بگرم
بە کەمەندی تۆوە بمرم خۆشترە تاوەکوو ڕەها بم
لە نێو مەنزەرەی دوودەری خۆشە سەیری مەوجی بەحری
وەرە سەر چاوم عەزیزم، چ دەکەی لە دڵەی کەبابم؟
غەمزەدەی نازی چاوت بم مەیلی ئەبرۆی تۆ قەت نانێم
من کە هات و قیبلەم گۆڕی، یاخودا کافر بێ جەلابم!
بوویە گوڵباغی گوڵەکەی من، سارێژ بوو داغی دڵەکەی من
ڕەحمت کرد بە حاڵم گوڵەکەی من، بەندەی باڵاتم سەد شا بم
داد لەبەر حوسنی فیتنەجۆ! دڵم دا زولف و ئەبرۆی تۆ
لە لایێ زوننار بە دۆشم، لەلایێ ڕوو بە میحرابم
سەگەکەی ڕێبازی لەیلێ وەرە سەر دوو چاوی مەجنوون
چاوم ئەو ڕۆژە لێ ڕوونە خاکی بەرپێی ئاشنابم
غەرەزم چونکە پەنهانە وەڕەزم لەو جیسم و جانە
مەرەزم مەرگی دەرمانە، هەر ئەزم بۆ خۆم حیجابم
خوێنی گرتم چاوی بازی، جگەری بڕیم تیری نازی
دەڵێ: من مەستم سەرخۆشم، جگەرە مەزەی شەرابم
دەمەکەت بە دڵ وا بێنە، تۆ خودا دڵم مەشکێنە
جێ بەجێ ڕۆحم بستێنە، من کەوا عاشقێکی چا بم
وەرە تووری سینە ئەی دڵ، با بە دڵ بێ دیداری گوڵ
کە دڵ و دڵبەر بوونە یەک، چ بە ئارەزووی جەوابم؟
خۆش بەو دەمەی گوڵ پشکووت، شەکەر دەباری لە یاقووت
لێم ‏لا دە «وەفایی» دەیکوت: تۆ گەدا من شا بۆت نابم

پەراوێز edit