ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٠٢. ئەی دڵ وەرە هۆشیار ببە هذا طریق العاشقین
ئەی دڵ وەرە هۆشیار ببە هذا طریق العاشقین
مەحوی جەماڵی یار ببە هذا طریق العاشقین
لەم لاوە گریەی نای و نەی، لەولاوە خەندەی جامی مەی
ئاگر لە عالەم بەربدەی، هذا طریق العاشقین
جارێ لە چاوان بگرە خەو، بگری بە ناڵەی نیوەشەو
تا بێتەدەر خورشیدی نەو، هذا طریق العاشقین
شۆری دڵ و سۆزی دەروون، زووخاوی جەرگ و مەوجی خوون
خوێنی گەش و فرمێسکی ڕوون، هذا طریق العاشقین
تا دڵ نەسووتێ دەم بەدەم، فانی نەبێ سەر تا قەدەم
پەروانە قەت ناگاتە شەم، هذا طریق العاشقین
تا چاو و دڵ خوێن بار نەکەی، قەتعی هەموو ئەغیار نەکەی
فکری ویساڵی یار نەکەی، هذا طریق العاشقین
عاشق دەبێ مەستانە بێ، خاکی دەری مەیخانە بێ
ساقی لە کن پەیمانە بێ، هذا طریق العاشقین
گەر دڵگوشا بادی سەبا، شەرحی دڵم بۆ گوڵ نەبا
عومری عەزیزم چوو بە با، هذا طریق العاشقین
سووتا دەروونم سەربەسەر، خوێنین دڵە جان و جگەر
جیسمێکە بێئیسم و ئەسەر، هذا طریق العاشقین
دیسان لەسەر عەهدی ئەلەست، جامێ لە جانان بگرە دەست
هەر تا ئەبەد مەخموور و مەست، هذا طریق العاشقین
دێوانە و سەوداسەرم، کوژراوی غەمزەی دڵبەرم
دڵ پڕ لە ئێشی نەشتەرم، هذا طریق العاشقین
چاوم بە سۆزی دڵ تەڕە، دەریایی ئاو و ئاورە
موتریب بڵێ ساقی وەرە، هذا طریق العاشقین
پەروانە خۆی ئاویتە بەست، فەرمووی چرا مەخموور و مەست
وەسڵم بە سووتان دێتە دەست، هذا طریق العاشقین
بولبول دەناڵێنێ حەزین، گوڵ دێتە عیشوە و پێکەنین
بگری بە سۆزی ئاتەشین، هذا طریق العاشقین
چی وەک وەفایی بەندەیە؟ لەو باغی دڵ گوڵ خەندەیە؟
بەو جامە خزری زیندەیە؟ هذا طریق العاشقین

پەراوێز edit