ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٠٠. تا بادی خەزان دایە گوڵ و بەرگی ڕەزانم
تا بادی خەزان دایە گوڵ و بەرگی ڕەزانم
سەد جێ وەکوو بولبول لە جگەر داغی خەزانم
وەک بەرگی گوڵم دی کە بە با چوو بە ئەسیری
کڕ کەوتم و شێت بووم، عەبەسام، لاڵ بوو زوبانم
قومری وەرە هەرتا دەمرین پێکەوە بگرین
تۆ سەروی ڕەوانت چووە من ڕۆحی ڕەوانم
بولبول وەرە تا ڕۆحی من و تۆیە بناڵین
تۆ باغی گوڵانت چوو ئەمن داغی دڵانم
ئەی مەعدەنی شیر و شەکەر، ئەی گوڵبەر و دڵبەر
ئەی تازە گوڵی دارە گوڵی باغی جینانم
کەس سیڕڕی دەم و عیشقی میانی نەدەزانی
ئەشکم بووە غەممازی هەموو ڕازی نیهانم
تۆ چونکە لە لەیلا گەلێ شیرینتری بۆیە
مەجنوونی دەر و دەشتم و فەرهادی زەمانم
ئیشم هەموو ناڵینە لە ئێشی دڵی ڕێشم
کارم هەموو گریانە لەبەر دەردی گرانم
بۆ گەردەنی تۆ بوومە ئەسیری سەری زولفت
من مورغی شەباوێزم و عاشق بە بەیانم
جان بەخشە دەڵێن ماچی دەمت وەقتی تەبەسسوم
تاکەی بمرم موعجیزەی ئەم سیڕڕە نەزانم!
جەزبەی نیگەهت خۆشیی نەهێشتم. بە برۆی تۆ
قیبلەم چووە تا مەستی مەیی پیری موغانم
فەرمووی: کە لەگەڵ هاتم ئەتۆ ڕۆح بدە، چاوم!
سا ساقی، دەجا جامێ کە هەروا نیگەرانم
چاوت بە نیگەه کردن و زارت بە تەبەسسوم
هاتن بە تەمای غارەتی عەقڵ و دڵ و جانم
ئەو دەستە سوارێکە ئەمیش تازە بەهارێ
ئەو ڕاو و شکارێکە منیش کاس و نەزانم
کێو هاتە سەدا و ناڵە بە هاواری وەفایی
جارێکی لە تۆ کاری نەکرد ئاه و فوغانم!

پەراوێز edit