ئاڵەکۆک

ناری add_a_photo
ناری دیوانی ناری
٤٣. ئەی شەهەنشاهی شکۆهی عیززەتی ڕوویی زەمین
ئەی شەهەنشاهی شکۆهی عیززەتی ڕوویی زەمین
گەوهەری تاجی ڕیسالەت، شەمسی بورجی مورسەلین
زینەتی نووری نبووەت، تاجداری موڵکی دین
مەتلەعی سوبحی سەعادەت، مەزهەری سیدق و یەقین
ئەی سوپاسالاری فەوجی ئەنبیا و موڕسەلین
ئەی شەوی ئەسرا مەلەک خوڕڕەم لە بۆ ئاهەنگی تۆ
عەرش و کورسی بوو بە تەخت و مەسنەدی ئەوڕەنگی تۆ
گوڵشەنی جەننەت خەجاڵەت ما لە جیلوەی ڕەنگی تۆ
بۆ نەوازش زاتی حەق هەم سوحبەت و هەم دەنگی تۆ
شاهیدی تەعزیمی تۆ بوو، شاتری روح الأمین
پڕتەوی بەدری جەماڵت، شەمعی جەمعی ئەنبیا
زینەتی حوسنی کەماڵت سۆزی شەوقی ئەولیا
گەردی نەعلەینت بەڵێ ڕەونەق شکێنی تووتیا
میشکی تۆزی دامەنت عەتری دەماغی ئەتقیا
یەعنی بۆ تەئسیری بینش عەینی سورمەی خاکبین
من گەدا و بێ نەوا، تۆش خاوەنی گەنج و کەریم
من نەخۆش و بێ دەوا، هەر تۆی دەوا بەخش و حەکیم
چی لە هەنگامی جەزا کەم، بێ هەوا خواه و نەدیم
ڕوو لە کوێ کەم غەیری تۆ، ئەی شافعی زومرەی ئەسیم
من گوناهبار و خەجاڵەت، تۆ شفیع المذنبین
با بکەم شیوەن لە داخی باخی عومری بێ سەمەر
دەستەئەژنۆ دابنیشم وەک هەتیوی بێ پدەر
با بە ئەشکی دیدە تەڕ کەم خاک و خۆڵی ڕاگوزەر
خۆ لە قوڕ بگرم بە جارێ هەر لە پێ تا تەوقی سەر
بەڵکی لوتفی شاهی لەولاک بێ نەجاتم دا لە شین
شەرمەزار و سەرفگەندە و غافڵ و دێوانە خۆم
بێ شوعاعی مەعریفەت، بێ نوور و بێ پەروانە خۆم
ئەی بە ڕیسوایی لە کووچەی شاردا ئەفسانە خۆم
موستەحەققی تیر و تانەی ئاشنا و بێگانە خۆم
واجیبی ڕەحمم بە سێ یا رحمتً للعالَمین
بوردەباری دەستی نەفسی کافری ئەممارە خۆم
بێ زەخیرە و زادی ڕێگەی ئاخیرەت بێچارە خۆم
ڕووت و قووتی مەحشەر و بێ سایە و ئاوارە خۆم
دەستە پاچە و ڕوو سیاه و عاجز و بێکارە خۆم
بێ بە فریادم لەوێدا یا دلیل المجرمین!
من کە مەشهوورم بە مەحکووم و موتیعی نەفسی شووم
کەی بە ئوممێد و خەیاڵی ئیعتیبار و ئابڕووم
قەت لە خەرمانی ئیتاعەت یەک قەدەم پێشۆ نەچووم
ئێستە من قانع بە خۆشەی ئایەتی لاتقنطوام
مەزرەعەی عەفوی خودا نابێ ببێ بێ خۆشەچین
بێ نەسیبی کەعبەتوڵڵا و تەوافی خاکی خۆم
دوور و بێ بەهرەی مەدینەی خاکی عەنبەرناکی خۆم
ئەی ئەسەف مەحروومی زومرەی حەزرەتی لەولاکی خۆم
حەسرەتا مەحروومی شەهدی زیارەتی شەبباکی خۆم
بۆ نەڕێژم ئەشکی ئاڵ و ئاوی گەرم و ئاتەشین؟
گەر سەگی دوای فەوجی خاسانی خوایی کەوتووە
یانی دەرباری دەری ئەسحابی کەهفی گرتووە
ئەو لە جەننەتدا موقیم و من لە دۆزەخدا بووە
ئەی حەبیبی خالیقی عالەم تەرەححوم تا زووە
ئەو سەگی ئەسحابی کەهف و من سەگێکی تابیعین!
ناریا ئامادە بە نزدیکە هەنگامی سەفەر
مەنزڵت دوور و درێژ و چۆڵە ڕێگەت پڕ خەتەر
تا بەکەی غەفڵەت نشینی خاکی، ئەی خاکت بەسەر
ڕوو لە ڕەوزەی موستەفا کە بێژە یا خیر البشر
نیمە توێشەی ڕێگەجوز ئیخلاسی ئالی تاهیرین
مەدح و ستایشی پێغەمبەر

پەراوێز edit