ئاڵەکۆک

ناری add_a_photo
ناری دیوانی ناری
٢٥. ئەی مەزهەری لوتف و کەرەم و ڕەئفەتی مەعبوود
ئەی مەزهەری لوتف و کەرەم و ڕەئفەتی مەعبوود
ئەی گەوهەری بەحری شەرەفی ئەحمەد و مەحموود
ئەی تازە نیهالی چەمەن و گوڵشەنی مەقسوود
یاڕەببی نەبێ بازی خەیاڵت لە خەتەردا
سەییادی هونەر بێ، لە موقاماتی سەفەردا
ئەی گەنجی گرانمایە لە بۆ میللەتی کوردان
دەرمانی شیفا بەخشی هەموو عیللەتی کوردان
ئەی دافیعی دەرد و ئەلەم و زیللەتی کوردان
یاڕەببی نەبێ زاتی ڕەئووفت لە مەلا لا
بێ بەهرە نەبێ جیسمی لەتیفت لە جەلا لا
ئەی خاک و غوباری قەدەمت تاجی سەری من!
ئەی سورمە لە بۆ بینشی چاو و بەسەری من!
ئەی شاهی ڕوخت ڕەونەقی بازی نەزەری من
پەیوەستە ڕەفیقت مەدەد و لوتفی خوا بێ
هەم سوحبەتی تۆ، زومرەیی ئەربابی وەفا بێ
بەغدا کە وەکوو میسرە ئەتۆ یووسفی سانی
وریا بە نەوەک یاری عەزیزێ بە نیهانی
بتخاتە ئەنێو مەکر و فسوونێکی زوبانی
ئاشوفتە نەبێ نەزمی خەیاڵت بە خەیاڵێ
یاڕەببی نەبی بەند و گرفتاری جەماڵێ
ناری نییەتی لایقی تۆ نەزم و سوپاسی
قابیل نییە بەغدا درەوی قووتی بە داسی
زیبا نییە دیبا ڕوخی بگری بە پەڵاسی
ئەی مەردمەکی دیدە لە بۆ فەرشی کەلامت
خۆزگەم بە کەسێ حازرە بو شەهدی کەلامت
بۆ شێخ بابە عەلی

پەراوێز edit