شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: ئەی مەزهەری لوتف و کەرەم و ڕەئفەتی مەعبوود سەبارەت: بۆ شێخ بابە عەلی ئەی مەزهەری لوتف و کەرەم و ڕەئفەتی مەعبوود ئەی گەوهەری بەحری شەرەفی ئەحمەد و مەحموود ئەی تازە نیهالی چەمەن و گوڵشەنی مەقسوود یاڕەببی نەبێ بازی خەیاڵت لە خەتەردا سەییادی هونەر بێ، لە موقاماتی سەفەردا ئەی گەنجی گرانمایە لە بۆ میللەتی کوردان دەرمانی شیفا بەخشی هەموو عیللەتی کوردان ئەی دافیعی دەرد و ئەلەم و زیللەتی کوردان یاڕەببی نەبێ زاتی ڕەئووفت لە مەلا لا بێ بەهرە نەبێ جیسمی لەتیفت لە جەلا لا ئەی خاک و غوباری قەدەمت تاجی سەری من! ئەی سورمە لە بۆ بینشی چاو و بەسەری من! ئەی شاهی ڕوخت ڕەونەقی بازی نەزەری من پەیوەستە ڕەفیقت مەدەد و لوتفی خوا بێ هەم سوحبەتی تۆ، زومرەیی ئەربابی وەفا بێ بەغدا کە وەکوو میسرە ئەتۆ یووسفی سانی وریا بە نەوەک یاری عەزیزێ بە نیهانی بتخاتە ئەنێو مەکر و فسوونێکی زوبانی ئاشوفتە نەبێ نەزمی خەیاڵت بە خەیاڵێ یاڕەببی نەبی بەند و گرفتاری جەماڵێ ناری نییەتی لایقی تۆ نەزم و سوپاسی قابیل نییە بەغدا درەوی قووتی بە داسی زیبا نییە دیبا ڕوخی بگری بە پەڵاسی ئەی مەردمەکی دیدە لە بۆ فەرشی کەلامت خۆزگەم بە کەسێ حازرە بو شەهدی کەلامت ++++++++++++++++++++++