دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز و شیوەن و گریانەوە
ناڵەیی دڵمە لە حەسرەت خاکی کوردستانەوە
لانەواز و بێکەس و مەزڵوومن ئێستە قەومی کورد
گا بەدەستی تورکەکان و گا بەدەس ئێرانەوە
ئیسمی ویجدان و عەداڵەت بێ موسەممایە و درۆ
بۆ سیاسەت ئەم قسە کەوتۆتە سەر لێوانەوە
ڕاستە گەر ئیسمی عەداڵەت بۆ چی منداڵانی کورد
وێڵ و سەرگەردان بسووڕێنۆ بەسەر کێوانەوە
هێندە حیزە بەختی کورد بۆ کوشتن و تاڵانیان
کۆمەڵێ هاتوون بە سواریی وشتری پێپانەوە
حاڵی کورد ئێستا لە بەینی تورک و ئێران و عەرەب
بێچووە تەیرێکە کە کەوتە داوی منداڵانەوە
ئەم قەراری عوسبە وا خەڵقی ئەڵێن بۆ کورد ئەبێ
هەر قسەی ڕووتە و قسە ناچێتە ناو گیرفانەوە
ئەمڕۆ با وا بێ بەڵام ڕۆژێ ئەبێ ئەولادی کورد
دێنەوە مەیدان بە عیلم و سەنعەت و عیرفانەوە
نەوجوانانی وەتەن تەوحید ئەکەن ئەم میللەتە
هەر لە کرماشان هەتا ورمێ و سنە و بۆکانەوە
ڕێک ئەخەن وەزعییەتی وان و جزیرە و باشقەڵا
عەقرە و زاخۆ دەبەستن ڕێک بەقەد بۆتانەوە
خانەقین و مەندەلی خاکی لوڕستان یەک بە یەک
وەک وەسا ئەدروون بە باڵای مەنتیقەی بابانەوە
لەشکرێکی مونتەزەم بۆ سەندنی حەق ڕێک ئەخەن
جوان و ڕازاوە بە تۆپی لاکەلی ئەڵمانەوە
بەچکە شێرانی عەشایر بۆ قڕانی دوشمنان
هەر وەکوو ڕۆستەم ئەکەونە هاتوچۆ و جەولانەوە
پاش قڕانی موددەعی دەس پێ ئەکەن تەعمیری موڵک
ڕێگەیی ئاسن ئەچێتە شاخی هەورامانەوە
کێو و کەژ گشتی ئەبێتە باغ و جادە و قەیسەری
بۆ تەماشای دەستەدەستە دێن لە ئینگلسانەوە
لادە ئەحمەد تۆ لە باسی میللەت و سا پێی بڵێ
تاکوو ساقی زوو بدا بادە بەدەم مەستانەوە
پێی بڵێ بەو ساقییە بەو حوسن و ناز و دڵبەری
داغی خۆی ناوە بە جەرگی یۆسفی کەنعانەوە
بێتە جیلوە تا بە یادی پاشەڕۆژی قەومی کورد
زەمزەمە و شادی بخاتە مەجلیسی ڕەندانەوە
ئەم دڵی زامارمە تاوێ لە غەم فاریغ ببێ
بسرەوێ یەکدەم لە ناڵە و شین و قوڕ پێوانەوە