شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز و شیوەن و گریانەوە دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز و شیوەن و گریانەوە ناڵەیی دڵمە لە حەسرەت خاکی کوردستانەوە لانەواز و بێکەس و مەزڵوومن ئێستە قەومی کورد گا بەدەستی تورکەکان و گا بەدەس ئێرانەوە ئیسمی ویجدان و عەداڵەت بێ موسەممایە و درۆ بۆ سیاسەت ئەم قسە کەوتۆتە سەر لێوانەوە ڕاستە گەر ئیسمی عەداڵەت بۆ چی منداڵانی کورد وێڵ و سەرگەردان بسووڕێنۆ بەسەر کێوانەوە هێندە حیزە بەختی کورد بۆ کوشتن و تاڵانیان کۆمەڵێ هاتوون بە سواریی وشتری پێپانەوە حاڵی کورد ئێستا لە بەینی تورک و ئێران و عەرەب بێچووە تەیرێکە کە کەوتە داوی منداڵانەوە ئەم قەراری عوسبە وا خەڵقی ئەڵێن بۆ کورد ئەبێ هەر قسەی ڕووتە و قسە ناچێتە ناو گیرفانەوە ئەمڕۆ با وا بێ بەڵام ڕۆژێ ئەبێ ئەولادی کورد دێنەوە مەیدان بە عیلم و سەنعەت و عیرفانەوە نەوجوانانی وەتەن تەوحید ئەکەن ئەم میللەتە هەر لە کرماشان هەتا ورمێ و سنە و بۆکانەوە ڕێک ئەخەن وەزعییەتی وان و جزیرە و باشقەڵا عەقرە و زاخۆ دەبەستن ڕێک بەقەد بۆتانەوە خانەقین و مەندەلی خاکی لوڕستان یەک بە یەک وەک وەسا ئەدروون بە باڵای مەنتیقەی بابانەوە لەشکرێکی مونتەزەم بۆ سەندنی حەق ڕێک ئەخەن جوان و ڕازاوە بە تۆپی لاکەلی ئەڵمانەوە بەچکە شێرانی عەشایر بۆ قڕانی دوشمنان هەر وەکوو ڕۆستەم ئەکەونە هاتوچۆ و جەولانەوە پاش قڕانی موددەعی دەس پێ ئەکەن تەعمیری موڵک ڕێگەیی ئاسن ئەچێتە شاخی هەورامانەوە کێو و کەژ گشتی ئەبێتە باغ و جادە و قەیسەری بۆ تەماشای دەستەدەستە دێن لە ئینگلسانەوە لادە ئەحمەد تۆ لە باسی میللەت و سا پێی بڵێ تاکوو ساقی زوو بدا بادە بەدەم مەستانەوە پێی بڵێ بەو ساقییە بەو حوسن و ناز و دڵبەری داغی خۆی ناوە بە جەرگی یۆسفی کەنعانەوە بێتە جیلوە تا بە یادی پاشەڕۆژی قەومی کورد زەمزەمە و شادی بخاتە مەجلیسی ڕەندانەوە ئەم دڵی زامارمە تاوێ لە غەم فاریغ ببێ بسرەوێ یەکدەم لە ناڵە و شین و قوڕ پێوانەوە ++++++++++++++++++++++