ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
٨٦. دڵبەرم دیسان لەگەڵ من عاجزی و قینی هەیە
دڵبەرم دیسان لەگەڵ من عاجزی و قینی هەیە
بۆیە دیدەی ئەشکبارم ئارەزووی شینی هەیە
ئەو گوڵاڵەی وا لە کێوی بێ سنوورتا سەوز ئەبێ
چەن لەتیف و ئاڵە ڕەنگی لێوی شیرینی هەیە
ڕوومەت و خاڵت لە پێش چاوم نیگاری نازەنین
هەر لە عەینی ڕەنگی ماه و شکڵی پەروینی هەیە
من کە دیم تاقی دوو ئەبرۆی قیبلەگاهم کەچ بووە
تازە بۆ من زاهیدیش ئوممێدی ئایینی هەیە
ڕوومەتی تۆ باغە ئەمما بۆ دڵی بولبول سیفەت
مەنعە بۆی چونکە لە زوڵفت دەوری پەرژینی هەیە
سەیری چەن شێتە تەبیب ئێستا موداوای من ئەکا
من کە کوشتەی دەستی تۆم ئەو ئارەزووی ژینی هەیە

پەراوێز edit