دوێنێ دڵبەرێکم دی کە وەک شمشادی بوستانە
سوئالم کرد کە بۆ چی ڕووت ئەڵێی مانگی درەخشانە
ئەوە مەمکە وە یا نارنجە یا سێوی خوراسانە
ئەوە ڕووتە وە یا مانگە وە یا خورشیدی تابانە
ئەوە موژگانی تۆیە یا وەکوو تیرێکی دڵدۆزە
ئەوە باڵایی تۆیە یا بە قوربان سەروی بوستانە
ئەوە دەمتە نیگار یا نوقتەیی مەوهوومە ئەی دولبەر
ئەوە لێوە وە یا یاقووتە یاخۆ قووەتی جانە
ئەوە زوڵفی ئەتۆیە وا لەدەوری ڕووت ئەدا حەڵقە
وە یاخۆ زوڵمەتی کوفرە لەدەورەی نووری ئیمانە
ئەمن بولبول، ئەتۆ گوڵ، سا بکە ڕەحمێ بە حاڵی دڵ
لە داخی خاڵی ڕووی تۆ حاڵەکەم یەکجار پەرێشانە
سەرم وەک گۆ لە جێگەی بازییا داناوە ئەی جانا
سەری زوڵفت لەبۆ چەوگانی بازی میسلی چەوگانە
بە حەرفی موددەعی قوربان لە من عاجز نەبی چاکە
ڕەقیبی سەگسیفەت حیلە و دەسیسەی میسلی شەیتانە
دڵم هاوینسیفەت بۆ دیدەنیی یار گەرمە ئەمڕۆ من
ئەما یارم لەئاستی من ئەڵێی سەرمایی زستانە
مەدوو ئەحمەد بەخۆڕایی، لە تەعریفی نیگاری خۆت
هەموو عالەم ئەزانێ دڵبەرت سەرخێڵی خووبانە