ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
٦٨. ئەم دڵەم وا دیارە مەیلی ڕووی گوڵی یاری هەیە
ئەم دڵەم وا دیارە مەیلی ڕووی گوڵی یاری هەیە
بولبولئاسا بۆیە دایم ناڵە و زاری هەیە
گەر لەدەس جەوری ڕەقیبان من بناڵم حەق نییە
چونکە مەعلوومە کە گوڵ بوو، دائیمەن خاری هەیە
وا لە عیشقی پەڕتەوی سەر کوڵمی ئاڵت چاوەکەم
سینەکەم شوعلە و بڵێسەی کوورەیی ناری هەیە
فەرموو بێرە حوجرەیی دڵ خەڵوەتە بۆ بەزمی تۆ
غەیری تۆ قوربان نە نامەحرەم نە ئەغیاری هەیە
ئەشکی چاوم وا لە حەسرەت لەعلی لێوت دەمبەدەم
جارییە و سوور و سوێرە، ڕەنگی گوڵناری هەیە
دڵ لە خەوفی زوڵفی تۆ بۆ گەنجی ڕووت ڕێگەی نییە
چونکە دەوری ئەو تەلیسمە جووتێ ڕەشماری هەیە
ئەحمەدی بێچارە بۆ وەسڵت ئەناڵێ ڕۆژ و شەو
ڕەنگی زەرد و ئاهی سەرد و قەلبی بیماری هەیە

پەراوێز edit