هەدەف مەعلووم نییە دڵ وێڵ و سەرگەردانە بۆ یارێ
خوایا سا نەسیبی کەی پەری ڕوویێکی عەییارێ
ئەزانی بۆ چی کەچخوڵقم لە عالەم هەر گورێزانم
ئەمە بەینێکە وا لێم گووم بووە شۆخێکی غەددارێ
بەهاران دایمەن هەر سوجدە بۆ نێرگس ئەبەم وەک شێت
کە چونکە پێوەیێتی شێوەیی چاوێکی بیمارێ
زوبانی حاڵی بولبول هەر ئەڵێ ئەی گوڵ فیدای تۆ بم
ئەگەر مومکین نییە وەسڵت بە دیاری بمدەرێ خارێ
ئەگەر یادی سەری زوڵفت لەبیرم دەربچێ جانا
لە سەحرای عیشقی تۆدا بمگەزێ یاڕەببی ڕەشمارێ
حەیات لام پەشمە، مردن شادیی و کەیفە لەلام ئەمڕۆ
خوا بیکا ئەگەر بێت بۆ مەزارم یارەکەم جارێ
نەما ئیمان و دینی قیبلەگاهی کەچ بووە ئەحمەد
لە تاقی ئەبرووانی دڵبەرێکی شۆخ و نازارێ