شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: ئەم دڵەم وا دیارە مەیلی ڕووی گوڵی یاری هەیە ئەم دڵەم وا دیارە مەیلی ڕووی گوڵی یاری هەیە بولبولئاسا بۆیە دایم ناڵە و زاری هەیە گەر لەدەس جەوری ڕەقیبان من بناڵم حەق نییە چونکە مەعلوومە کە گوڵ بوو، دائیمەن خاری هەیە وا لە عیشقی پەڕتەوی سەر کوڵمی ئاڵت چاوەکەم سینەکەم شوعلە و بڵێسەی کوورەیی ناری هەیە فەرموو بێرە حوجرەیی دڵ خەڵوەتە بۆ بەزمی تۆ غەیری تۆ قوربان نە نامەحرەم نە ئەغیاری هەیە ئەشکی چاوم وا لە حەسرەت لەعلی لێوت دەمبەدەم جارییە و سوور و سوێرە، ڕەنگی گوڵناری هەیە دڵ لە خەوفی زوڵفی تۆ بۆ گەنجی ڕووت ڕێگەی نییە چونکە دەوری ئەو تەلیسمە جووتێ ڕەشماری هەیە ئەحمەدی بێچارە بۆ وەسڵت ئەناڵێ ڕۆژ و شەو ڕەنگی زەرد و ئاهی سەرد و قەلبی بیماری هەیە ++++++++++++++++++++++