دڵی خوێناوە بولبول بۆ لەبی وەک لەعلی ڕوممانی
لە باڵایی ئەوا پەستە قەدی سەروی گوڵستانی
بە ئیمای چاوی حاڵیی کردم ئەیفەرموو مەگەر بمری
تەنەززول کەم کە بێمە سەر مەزاری تۆ بەمیوانی
قەزا ئەم فرسەتەی دام چوومە بەر دەرگانەکەی ئەمڕۆ
سەر و ژێری زوبانی هەر جنێو بوو بۆ ڕەقیبانی
بەویش حەتتا بەخیلیم برد کە جوێنی دا بە ئەغیاری
نەسیبی من نەبوو ئەو جوێنە تا خۆم کەم بە قوربانی
وتم حاڵت چلۆنە هامجەلیست کێیە ئەو فەرمووی
دیارە هەر دڕک هاودەمیە گوڵ، بۆچ شێتی، نازانی؟
گەدایی و سواڵکەری بەر ماڵەکەی، دەستم کەوێ ڕۆژێ
خوا نەیکا کە من بیدەم بە تەخت و تاجی سوڵتانی
دڵی سەودازەدەی ئەحمەد گرفتاری کەسێکە وا
کە دی وا حەڵقەحەڵقە زوڵفەکانی کەوتە سەر شانی