قیامەت هەڵئەسێ بێت و قیامێ کا نیگاری من
زەمانە تێکئەدا ئەمڕۆ نیگاهی چاوی یاری من
وتی: باوەش بە باڵای سەرودا کە و گوڵ بە بۆنۆ کە
کە تەمسیلی ئەکەن ئەو دوانە بۆسین و کەناری من
بە ناز و عیشوە دیسان هاتە جواب، فەرمووی پیاڵە و مەی
بزانە فەزڵی ئەمڕۆکە کە دیت چاوی خوماری من
گرفتارن لە داوی پێچ و تابی زوڵفی موشکینت
هەزار عاشق نەوەک تەنها دڵی زاری هەژاری من
گوڵ و نەسرین لە خاکم سەوز ئەبن، گەر بێت و ئەو یارە
لە ڕۆژێکی خەزانا بێتە سەر قەبر و مەزاری من
دڵم هاوینە بۆ وەسڵی، بەڵام ئەو مەیلی زستانە
خەزانی بۆیە کرد خەڵقینە عومری وەک بەهاری من
هجوومیان کرد ڕەقیبان وەک ڕەوی سەگ دەوریان لێدام
مەگەر شمشێری ئەبرۆی ئەو بکا ئێستاکە چاری من
بە خەندەی نازەوە فەرمووی، فڕێدە تۆ بەی و لیمۆ
تەبیعەت دەستی خستووی جووتەمەمکی وەک هەناری من
بڕۆ ئەی وشکەسۆفی، با موبارەک بێ لە تۆ جەننەت
من و پیاڵەی شەڕاب و وەسڵی شۆخی باویقاری من