ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
٤٦. مانگی ڕەمەزان هاتەوە بۆ بەختی شەڕی من
مانگی ڕەمەزان هاتەوە بۆ بەختی شەڕی من
ڕەنگ زەرد و زەعیفە گوڵەکەی سیمبەری من
بێ بادە و بێ ساقی و بێ بەرگ و نەوایە
مەحزوون و پەرێشانە دڵی دەربەدەری من
گەر بێت و دەرم کەی بەخوا ڕۆژێ دووسەد جار
هەر خاکی دەری تۆیە نیگار تاجی سەری من
فەرمووی بە من ئێستاکە لە غەم زار و زەعیفی
جا لایقی بۆ حەڵقەیی دەوری کەمەری من
یارم بە نەزاکەت وتی دەردی دڵی زارت
دەرمانی نییە غەیری لەبی وەک شەکەری من
لەو ڕۆژەوە وا دولبەرەکەم ڕۆییوە خەڵقە
بێ نوورە لەبەر گریە و زاری بەسەری من
بولبول وەکوو ئەحمەد نییەتی زەمزەمە و شۆر
عالەم هەموو بێدارە لە ناڵەی سەحەری من

پەراوێز edit