ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
١٤. دڵم پڕخوێنە جەرگم لەتلەتە بۆ لێوی گوڵنارت
دڵم پڕخوێنە، جەرگم لەتلەتە بۆ لێوی گوڵنارت
نەخۆش و دەردەدارم من لە حەسرەت چاوی بیمارت
سەلیبی پەرچەمی تۆم دەسکەوێ چیمە لە ئیسلامی
کڵێسا جێگەمە جانا لە عیشقی زوڵفی زوننارت
وتی عاشق ئەبێ بەم کوشتنەت مەسروور ببی چونکە
لەناو عوششاقدا تەنها ئەتۆی قوربانی دڵدارت
شکا بازاری شەهد و شەککەر و شیرینییی قەنناد
لە ڕۆژێکۆ کە بیستوویانە خەڵقی نوتق و گوفتارت
ئەبێ کاغەز لە بەرگی گوڵ، قەڵەم جانا لە عەنبەر بێ
کە من مەیلم هەیە ئێستا بنووسم وەسفی ڕوخسارت
کە تۆ سەروی منی، بێچارە قومریی دڵ حەزینی تۆم
هەمیشە بولبول ئاسا وام لە دەوری باغ و گوڵزارت
نیگار ئەمڕۆ لەناو جەمعی ڕەقیبا پێی وتم ئەحمەد
مەحاڵە تۆ ئیتر دەستت کەوێ یاری دڵئازارت

پەراوێز edit