ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
١٣. دوو چاوم خوێن ئەبارێنێ لە عیشقی ڕوومەتی ئاڵت
دوو چاوم خوێن ئەبارێنێ لە عیشقی ڕوومەتی ئاڵت
گرفتارە لەناو زوڵفت دڵم بۆ دانەیی خاڵت
خوا کەی بێت کە من پەشتانی باڵا و قامەتی تۆ بم
چ وەختێ پڕ بە چنگ بگرم دوو لیمۆی نەوڕەسی کاڵت
نەخۆشی خۆشترە لای من لە ساغی و سیححەت ئەی جانا
ئەگەر یەک هەفتە جارێ بێی بپرسی چۆنە ئەحواڵت
بە شاهیی عالەمی ناگۆڕمەوە ئەمڕۆ لە دنیادا
جنێو و توندی و قەهر و قسەی نالایق و تاڵت
نیگارا لێم ئەپرسی بۆ چی وا دێوانەیە ئەحمەد
لە عیشقی چاوی تۆیە چاوەکەم وا بووم بە عەوداڵت

پەراوێز edit