ئاڵەکۆک

سالم add_a_photo
سالم دیوانی سالم
١٤٤. ئەگەرچی شەو ئەنیسم وەک مەلەک بوو
ئەگەرچی شەو ئەنیسم وەک مەلەک بوو
بەبێ تۆ تیری ئاهم تا فەلەک بوو
کە ئەڵماسی موژەت گێڕا بە دڵما
بەجوز تۆ هەرچی مەوجووداتە حەک بوو
کە فەسساد قەسدی فەسدی لێوی تۆی کرد
لەجێی نەشتەر لەباتی خوێن نەمەک بوو
دەڵێی فیردەوسە گوڵزاری سەنەندوج
وەلێ بێ تۆ لەلای من وەک دەرەک بوو
دڵ و جان و سەرم تەسلیمی تۆ کرد
کە زانیم بۆ جەفا جوملەت گەرەک بوو
کە دامی شانە کەوتە مەوجی زوڵفت
دڵی سالم لە خاکا وەک سەمەک بوو

پەراوێز edit