بەدا ئەحواڵی ئەشخاسێ کە خاسسەی موڵکی بابانن
لە بێدادیی فەلەک هەر یەک سەراسیمە و هەراسانن
جەوانانی سەهی قەد بەس کە داماون لە بێ چیزی
لەژێر باری غەما هەر یەک لە خەم وا میسلی چەوگانن
لە بابانا گرفتارن پەرێشان خاتر و بێکەس
بە جەمعییەت سیەهبەختانە وەک گێسوویی خووبانن
گەدان و بۆ گەدا دەرگانە وا ناکەن لە بێ چیزی
وەکوو نەڕڕادی دانا هەر لە فیکری خانەبەندانن
لە زوڵمی چەرخی دوونپەروەر سەخیتەبعانی حاتەم دڵ
بە ڕاهی کۆیی دوونانا لە هەر سوو کاسەگەردانن
بە دەستی کەشمەکەش هەر سوو دڕا بەرگی خودارایی
قەبایی نۆکەر و ئاغا هەموو بێ چاک و دامانن
لە بابانا ئەمێستە چونکە قاوەی نۆکەری دووغە
لە حەلقەی ئەهلی حەسرەتدا هەموو کەممۆلە فینجانن
ئەوانەی تورمەپۆش و شەهدنۆش و نازپەروەر بوون
ئەمێستە خانەبەردۆش و نەخۆش و زار و عوریانن
ئەوانەی جێ نشیمەنیان لە گۆشەی تەختی حاکم بوو
بە دەشتی شەهرەزوورا جوملە وەک غوولی بیابانن
دەلەرزن هەوری نەو گەر بێتە ڕووی گەردوون لە پایزدا
بە ڕووتی کۆنە خەزپۆشان لە فیکری بەرگی زستانن
سەفی باشانی باب ئۆغلی لە دێی کۆستە و دەباشانا
بە دەوری گەللەدا چۆماغ دەر کەف جوملە چۆپانن
موریدی خانەقا زۆرن لە عەهدی عەدلی ڕۆمیدا
لە ئاغایانی بێبەش حوجرەها جێی تۆبەکارانن
ئەگەرچی تاعەتی جەبرە وەلێ عیللەت بە بێکاری
وەکوو قاری یەکایەک حافیزی سی جزمی قورئانن
لە توولی ڕۆزگارانا لە هەر لا خادیم و مەخدووم
وەکوو ئەسحابی پێغەمبەر عوموومەن ڕووزەدارانن
سیەهبەختانی بێدەوڵەت لەبەر بێ ماڵی و عوسرەت
گەهێ حەمماڵی ماڵانن گەهێ عەللافی مەیدانن
نە بانیی و نە باغی ما لە فەوجی لەشکری ئیسلام
لە خۆفا تیفلی مەردوم وەک عەیالی ئەهلی زەنگانن
سەفی مەقرووزی قەرزی ئیلتیزامی حاسڵی ڕۆمی
لەناو هەورامی و کوردا هەموو تەبدیل و پەنهانن
لە فیکری ئیلتزاما شەو دەکەن شوورا لەبەر عوسرەت
سەحەر بۆ هەوڵی قووتی شەو لەناو شارا پەرێشانن
ئەوانەی بەرشکەستی ئیلتزامی حاسڵی ڕۆمن
لەتاو بێنە و نییە، گاگەلچەرێنی میری جافانن
زەرەرکەردەی ئیجارەی پادشاهی چوونە دەروێشی
فەقیری موڵکی هەوشار و غەریبی شاری تارانن
بە دیهقانی بڵاوبوون دایەرەی بێکەس بە قۆپی دا
لە بەڵخە و دۆکەرۆ و نەوتی و دەلووجە و سەیدوسێنانن
بە کەوبازی خەریکن دەستەیی مەعزوولی بێ ئاغا
موقیمی قەهرەمان و مێوڵی و تیمار و باغانن
حەیادارانی بێ حورمەت لەتاو بێ ماڵی و عوسرەت
فەقیری دێی فەقیرە و تەکیە و ئەستێڵ و تافانن
گرووهێ چەمچەتاشن هەروەکوو ئوستادی خوانساری
لە دێی تەنگی سەر و زەیدۆمەر و تیمار و دۆڵانن
نەدیمانی قەدیمی موستەعیددن بۆ خەڕەکداری
بەیادی توربە و کا و جۆ و ئەفسار و پاڵانن
قەدیم تەنپەروەری نازن بە بازاڕا غوبارالوود
ئەگەر گاباری کائاوەر وەگەر هێزومفرۆشانن
لە بیمی تازیانەی مەردی ڕۆمی سەیید و سۆفی
بە ئوممێدی گەزۆ و مازوو لەبن داری مەریوانن
هونەرمەندانی شێرئەوژەن قەوی دەستانی پیل ئەفگەن
لە ڕووی غەواسی ئەتراکا وەکوو ڕووبەه گورێزانن
کوهەن سەوداگەری شاری لە شوورا مەسڵەحەتبینن
وەلێ نۆکەر بە بەققاڵی تەرازووبازی دووکانن
کرێکارانی ناکەس بۆ بناغەی کولبەیی دێهقان
لە خانەی کاولی نۆکەر پەیاپەی خشتکێشانن
بە ڕێی بیم و خەتەردا یەکبەیەک بۆ قاسیدی چاکن
بەبێ تەکلیفی ڕەهزەن خودبەخود بێ چیز و عوریانن
سەفی مەقڕووزی بێ تەوسەن لە سەهمی سَن سَنی ئەتراک
وەکوو عاشق لە هیجرانا یەکایەک ئەشکڕێزانن
گەهێ قلب الأسد از بس که بێ سایەن لە وادیدا
وەکوو مەجنوونی سەحرایی لەبن خاری موغەیلانن
کزە و دوودی کەباب دەردێ لە مەتبەخهایی بێ دوودا
بە یادی قووتی شامی شەو جگەرها بەس کە بوریانن
تەڵەب ناکا گەدا قەت سوویی سفرەی ساحیبی نیعمەت
لەتاو ئەحواڵی بێ نانی لە هەر جا خوانە میهمانن
بە زاهیر خوڕڕەم و شادن لە ڕووی تورکی ئەرۆملیدا
لە دڵدا گەرچی دیگاسا بەمەخفی جوملە جۆشانن
بە ئەحواڵی ملووکانی گەداپەروەر دڵم سووتا
لە بابانا ئەمێستە موستەحەققی خێر و ئێحسانن
لە جەوری چەرخی گەردوون بەسکی حەیرانن بە ناچاری
بە لەب خەندان و شادانن بە دڵ غەمگین و گریانن
بە نامەردی سەراسەر میسلی گەرگینن لەلای ڕۆمی
ئەگەر ڕووبینتەنی عەهدن وەگەر سامی نەریمانن
نیزامانی مولازیم مەنسەبی مازی بیحەمدیللا
لە لادێدا بە دوو شایی هەموو جۆچێنی دێهقانن
خەیانەت پیشەکانی فەوجی بیرئینجی لە برسانا
بە ناچاری لە دێی سۆفیلەرا وەرزێری دۆمانن
مەلەخ تەبعن لە هێشووی دەغڵی دیهقانی بە هەر لادا
لەناو جاڕی گەنم هەر یەک وەکوو داهۆڵی خەرمانن
درێغا بۆ سواری خاسسی پاتەختی سولەیمانی
لە قڕگە و قزلەر و قۆرخ بە ڕووتی جوملە گاوانن
بەسێ سەگمەرگ و بێعار و گرانجان و سەبوک عەقڵن
ئەوانەی ئەهلی بابانن بەدڵ لەم عەهدە خەندانن
لە ئەوزاعی سولەیمانی ئەوانەی شاد و ئاسوودەن
لە فەرعا نوتفەیی حەیزن لە ئەسڵا جینسی شەیتانن
لە ئەسڵا بانیی ئەم کارە کاسبهایی شەهری بوون
لە ئەمری فیتنەئەنگێزا سەراسەر میسلی مەروانن
گەهێ هەمدەردی ئەکرادن گەهێ هەمعەیشی ئەتراکن
لە یەک لا مادەری بەڕڕەن لە یەک لا یاری گورگانن
لە زوڵمی چەرخی چەپگەردیش درێغا، حەسرەتا، دەردا
بە میسلی سالمی بێکەس گەلێ کەس وێڵی شارانن