ئاڵەکۆک

سالم add_a_photo
سالم دیوانی سالم
١٠٩. حیسابی نەفحەیی زوڵفت لەگەڵ موشکی خەتا ناکەم
حیسابی نەفحەیی زوڵفت لەگەڵ موشکی خەتا ناکەم
خەتا ناکەم سەبا شاهیدمە من تەشبیهی وا ناکەم
بزانم گەر لە قەبرا بۆی دەمی تیغت لە خاکم دێ
هەتا دەمرم لە دونیا زەخمی خوێنینم دەوا ناکەم
لە دورجی سینەما تا گەوهەری یادی ڕوخی تۆ بێ
لەبەر شوعلەی ئەوا شەو تا سەحەر مەیلی چرا ناکەم
هەناسەی حەسرەتی وەسڵی نیهانت ڕێی بە نەی ئادەم
معاذالله بە لەب ئەم سیڕڕە هەرگیز ئاشنا ناکەم
لە سەحرای شۆرەزاری عشقی جانانا گیاهێکم
بەبێ بارانی تیری غەمزە قەت نەشئوونما ناکەم
بە خڵخاڵ ئەر بشێ پیشەی هەرەس کووبیدەیی هیجرت
لە لەبما تا نەفەس مابێ سوراغی مۆمیا ناکەم
دەبێ ئەشکت ترازووی ئارەزوو، ئەی دیدە! بڕژێنێ
لە بەرما تا نەبێ دەریا بە کامی دڵ شەنا ناکەم
لە هیجرانا سەحەر وەختێ فنا فی النوری چیهرەت بم
لەبەر تاقی برۆی تۆ ڕوو لە میحرابی دوعا ناکەم
دەمی قوربت لە پشتی سەر ئەجەل گەر دامەنم بگرێ
وەها مەحوم دەکا دیداری تۆ ڕوو بۆ قەفا ناکەم
لە توولی زوڵمەتی هیجرا سەراسەر چونکە تۆی مەتڵەب
لە زەوقی بۆسەیی لێوت هەوای ئابی بەقا ناکەم
ڕەها بێ گەر لە بەندی زوڵفی یارا گەردنم سالم
بە سەهلی بعد از این بازی بە حەڵقەی ئەژدەها ناکەم

پەراوێز edit