تەریقی عیشقت ئەر ون کەم، تەریقی دەشتی مەحشەر بم
قیامەت نامەوێ جەننەت بەبێ تۆ گەر موخەییەر بم
هەناسەی سەردی پڕسۆزم بە یادت گەر لە دەم ببڕێ
لە سۆزی فیرقەتا یاڕەب سەراپا میسلی ئەخگەر بم
کە شەیتانیش ستێزەم دا خەیاڵی دانە قەت ناکەم
لەتاو دەردی جەفا ئەم دەفعەیە لەم داوە گەر بەر بم
بە پایین هات شەوی هیجر و نەسیمی سوبحی وەسڵ ئەنگووت
بەرم دە ئەی تەبی غەم وا بەیانە با سەبوکتەر بم
بەیادی بووسەیی لەعلی لەبت از بس که لەبخوشکم
ئەبەد تیشنەم ئەگەر فەڕزەن لە گۆشەی حەوزی کەوسەر بم
تەمامە خۆم وەها گوم کەم بە ناکامی لەدەست جەورت
هەتا دەمرم بەنایابی وەکوو گۆگردی ئەحمەر بم
ڕەهی کۆی دڵبەرم دوورە بە سالم ناگەمە مەقسەد
لە پەروازی تەڵەبدا گەر بەتوندی وەک کەبووتەر بم