ئەرێ دڵ بێ شەرابی لەعلی گوڵ ڕەنگت لە گوڵ چ بکا؟ 
کە جیلوەی گوڵ لە گوڵشەن دا نەبێ، بولبول لە چڵ چ بکا؟ 
کە هەڵگیرسا لە نووری بادە شەمعی حوسنی جانانە
نەچێتە سەر تەریقەی حەزرەتی پەروانە، دڵ چ بکا؟ 
بە ئاهم گەر ڕەقیبانت بسۆتێن، ئەی گوڵی ڕەعنا
مەڕەنجە، تۆ خودا شوعلە لە ئاقاری چقڵ چ بکا؟ 
هەتا ماوە دەبێ ئەشکی نەدامەت داوەرێنێ چاو
عەرەقریتن نەبێ، شەخسی لە کاری خۆ خەجڵ چ بکا؟ 
سەفەر جائیز نیە، با بۆ حەرەم بێ، لەو بەر و بوومە
فەقەت مەجزووبی زنجیری نەسیبی ئاو و گڵ چ بکا؟ 
فەلەک هەر گا کەسێکی هەڵبڕێ، وەقتی هیلاکەتیە
کە سەر بۆ گەیینە پەت بێ، پێ لە کورسی و ئەسکەمل چ بکا؟ 
لە عوششاق و ڕەقیب ئەو شۆخە چاوی لوتفی وەرگێڕا
کە ئاسک ئادەمی یا سەگ ببینێ، غەیری سڵ چ بکا؟ 
چ حاجەت نەرگسی مەستت بکەم وەسفی بە مەخمووری
کە چاوێ سورمەکێشراوی خودایی بێ، لە کل چ بکا؟ 
لە هەر جێیەک هەڵێ خورشیدی عیشقی گوڵروخان مەحوی
ئەگەر عەقڵی ببێ، لەو جێگە ئاونگی عەقڵ چ بکا؟