شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: ئەرێ دڵ بێ شەرابی لەعلی ئەرێ دڵ بێ شەرابی لەعلی گوڵ ڕەنگت لە گوڵ چ بکا؟ کە جیلوەی گوڵ لە گوڵشەن دا نەبێ، بولبول لە چڵ چ بکا؟ کە هەڵگیرسا لە نووری بادە شەمعی حوسنی جانانە نەچێتە سەر تەریقەی حەزرەتی پەروانە، دڵ چ بکا؟ بە ئاهم گەر ڕەقیبانت بسۆتێن، ئەی گوڵی ڕەعنا مەڕەنجە، تۆ خودا شوعلە لە ئاقاری چقڵ چ بکا؟ هەتا ماوە دەبێ ئەشکی نەدامەت داوەرێنێ چاو عەرەق‌ریتن نەبێ، شەخسی لە کاری خۆ خەجڵ چ بکا؟ سەفەر جائیز نیە، با بۆ حەرەم بێ، لەو بەر و بوومە فەقەت مەجزووبی زنجیری نەسیبی ئاو و گڵ چ بکا؟ فەلەک هەر گا کەسێکی هەڵبڕێ، وەقتی هیلاکەتیە کە سەر بۆ گەیینە پەت بێ، پێ لە کورسی و ئەسکەمل چ بکا؟ لە عوششاق و ڕەقیب ئەو شۆخە چاوی لوتفی وەرگێڕا کە ئاسک ئادەمی یا سەگ ببینێ، غەیری سڵ چ بکا؟ چ حاجەت نەرگسی مەستت بکەم وەسفی بە مەخمووری کە چاوێ سورمەکێشراوی خودایی بێ، لە کل چ بکا؟ لە هەر جێیەک هەڵێ خورشیدی عیشقی گوڵروخان مەحوی ئەگەر عەقڵی ببێ، لەو جێگە ئاونگی عەقڵ چ بکا؟ ++++++++++++++++++++++