کە بێ لێوی لە سەر لێوم بنێ، ڕۆحم لە سەر لێوە
کە لێوی لا بەرێ، ئەڵبەتتە ڕۆحم دەردەچێ پێوە
شەکەرباری، نمەکپاشی، ئەگەر ببووایە من دەموت:
کە غونچەی تازە پشکووتوو دەشوبهێ بەو دەم و لێوە
دەڵێ هەر کەس ببینێ یار و ئەخباری بە ئەترافا
خودا چین ئەم هەموو دێوە لە دەوری ئەم پەری شێوە!
هەتا ڕۆژە دەبێ بۆ شامی شەو هەوڵێ بدا هەر کەس،
ئەگەر شاهەنشەهە ئەو ڕۆژە ڕۆیی شەو بە بێ شێوە
بەهارێ بوو جوانی، بوو بە سوخرەی پاییزی پیری
بە سەر چوو باغ و باقی ماوەوەی مشتێ چڵ و چێوە
مەگەر شاری عەدەم، جێیی وا تیا سەر گەشتە بم قاتە
بیابانە بەشی مەجنوونە، خاسی کۆهکەن کێوە
ئەمینی شێتییە مەحوی لە مەکری نەفسی ئەممارە
مەگەر ڕەحمی خودا دەمبەستی کا ئەم مارە ئەنگێوە