کە دیم ئالۆزە چاوی، زوو وتم: ئەم فیتنە هەڵبەستە
وتی: جاران ئەتۆ دەتوت بە من: کەم فیتنە هەڵبەستە
بە سووتن چم، گلەم نەبووە لە دەردی سەردی میهری تۆ
من و شەکوە؟ وتی: گوێ ناگرم لەم فیتنە هەڵبەستە
بە غەیرەز شوکر، ئەگەر شەکوەم لە جەوری تۆ ببێ، سپڵەم
وتی: حاشا، دەزانم ئەم ڕەقیبەم فیتنە هەڵبەستە
بە جێیە کوشتنم، سووتاندنم، خاکت بە با بۆ دام؟ !
وتی: ئاهەنگی عیشقی من مەقاماتە لەگەڵ بەستە
بە زوڵفیدا هەڵاوەسرابوو دڵ عومری بە سەد ئامال
نیگاهی وەک ئەجەل هات و وتی توولی ئەمەل بەستە
قەزا بێ دەستەڵاتت کا، چیە غەیری ڕەزا چارە؟
لە بەر دەستی جەلابا ڕێویێکە شێری پەل بەستە
بە خۆ کوشتن نەجاتی خۆ بدە مەحوی وەکوو فەرهاد
لە زۆری قەهرەمانی عیشق، ئەفەندم، هەر ئەجەل بەستە