چ خاکێ کەم بە سەرما، مامەوە تاک
بە لێو ئاه و، بە چاو ئەشک و، بە سەر خاک
بە دوویا وێڵم و ئەشکم دەپرسێ
لە هەر دار و دیارێ أین سلماک؟
جگەر دەبڕێ، دڵ ئەڕفێنێت و دەڕوا
چ بێ مروەت، چ بێ پەروا، چ بێ باک
کە کوژرا، شاهی عالی جاهی عیشقە
هەتا سەیدت نەکەن ناگەیتە فیتراک
بە خەنجەر دڵمی لەت لەت کرد کە بێ ئۆف
وتی: خۆ وا خراپ و دڵ وەها چاک!
نیساری خاکی ڕێگەت جانە، فەرمووی:
چه نسبت خاک را با عالم پاک
گوڵاو و ئاگراوە بادە ئەمشەو
تەرەبناکە مەی و ساقی غەزەبناک
وتم: عیشق ئاگری گرتە وجوودم
وتی: هەر بابەتی سووتانە خاشاک
لە دڵدا خەڵق و خوا بوو، فایدەی چی
کە دەم پڕ بێ لە ایّاک و ایّاک
دەزانی جیفەیە دنیا، دە حەیفە
وەکوو سەگ ئەم شەڕ و شۆڕە لە سەر لاک
خودا! تۆ لاگری لەو لاکە مەحوی
بە جاهی پادشاهی تەختی لولاک