قسەیێکم هەیە دەیکەم مەڵێ بێ تەجرەبەیە
با وجوودی، ئەوی نادانە لە لای وەک گەمەیە
موقتەزای ئاب و هەوای خاکی دیاری ڕۆمە
ئەهلی سووتاوی مەیە، بەستەیی ئاوازی نەیە
حاکمی ڕێگری مەعموورەیە، قازیی دزی ڕۆژ
وزەرا و وکەلای گورگە، ڕەعییەت گەلەیە
سالیکی ڕیخە ئەگەر شێخە ئەگەر مێخە، لەوێ
شێخە هەر کامێ نەدا تا دەمرێ هەر دەدەیە
زانی و شاریب و لۆتی دەگرن؛ والی دەڵێ:
بەری دەن پارەیی خۆی دایە، چ عەیبێکی هەیە
هێندە بێگانە لە ئیسلامن و ئەحبابی فەرەنگ
موتتەقی دێوە لە لایان، موتەشەڕیع شەوەیە
زوڵمیان عامە لە سەر عاممە، ڕەعیەت فەوتا
تۆ مەکە مەنعی عەوامیل، کە خەتای گای بنەیە
هەر لە شا تا بەگەدا تووشی یەکێکی نابی
لێی بپرسی بە حەقیقەت بڵێ: جەددم ئەمەیە
لازمە ئەم غەزەلە وەک غەزەلێ بیکەنە بەر
هەر وەکوو حاجی: ئەگەر شارە، وەگەر دیهکەدەیە