ئاڵەکۆک

حاجی قادری کۆیی add_a_photo
حاجی قادر غەزەل
٢٨. بووکی دنیا وەک دەڵێن وا بێحەیا و بێفەڕ نەبوو
بووکی دنیا وەک دەڵێن وا بێحەیا و بێفەڕ نەبوو
هێندە دامەنهەڵکراو و حیز و ماڵانگەڕ نەبوو
ڕێی نیشانی ئێمە دا ئەو ڕۆژە ئادەم دەرکرا
بۆیەکی ئەم عالەمە بێ شۆڕش و بێ شەڕ نەبوو
سۆفی بەم ڕەنگە کە وا گۆشتی براکانی دەخوا
حیکمەتە ڕیشی وەکوو جاران درێژ و پڕ نەبوو
نیسبەتی ئێمە و ئورووپا قەترە و دەریا نییە
بۆچ ئولولعەزمێک بە عەزمی بیعسەتی پێی تەڕ نەبوو؟؟
کێ گەڕی پێ کردبووی تووشی بەڵای خۆتم بکەی
ئەو دەمە باسی عەزاب و دۆزەخ و کەوسەر نەبوو
ئەی مەهی دوو هەفتە تا شەمس و قەمەر تۆیان نەدی
دانەگیرسان ئەو میسالی ئاگر، ئەمیان گڕ نەبوو
بەم هەموو تەجریدە وا حاجی دڵی خۆشی نەدی
تا لە ئەتوار و قسەی ئەم دەورە کوێر و کەڕ نەبوو

پەراوێز edit